ڕۆژی ئازادی
از کتاب:
بەرهەمی خاوێن
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
1 دقیقه
848 مشاهده
ڕۆژی ئازادی لە کەل وا هاتە دەر
شەو نەما تاریکی وا بوو ژێرە و زەبەر
هێزی شێرانە لەگەڵ هەوڵ و خەبات
ئاخری ئامانجی کوردی خستە سەر
هیممەتی مەردانە کردەی بێوچان
باخی ئومێدی گەل هێنایە بەر
ڕێی فیداکاری گەلێ کۆسپی هەبوو
هەم گەلێ دڕک و دڕندەی هاتە بەر
گەرچی قوربانی درا یا خوێن ڕژا
چەن هەزاران بوونە وێڵ و دەربەدەر
عەزمی پۆڵایینی گەل نەشکا ئەبەد
تێک نەچوو ڕۆی لەسەر ڕێگەی هونەر
«دەستی خوێناوی ئەبێ بیکاتەوە
قاپی ئازادی نەوەک بازووی قەدەر»
نایبەزێنێ هێزی عالەم بێگومان
هەرچی بۆ سەربەستیی گەل بەستی کەمەر
تێشکان و پێشکان و سەرشکان
خۆ ئەبێ لێی بکرێ هەر سەرفی نەزەر
ئەو گەلەی بۆ حەقی خۆی گیانی بەخت ئەکا
دیارە ناترسێ لە ئافات و خەتەر
هیچ پڕوپاگەندە کاریگەر نییە
بەندە و باوی ناحەزیش ناچێتە سەر
لاپەڕەی مێژوو موحەقەق باس ئەکا
ئەم خەباتی کوردە تا بکرێتە بەر