نامەردی بەدکار
از کتاب:
بەرهەمی خاوێن
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
3 دقیقه
843 مشاهده
پیاوێ هەبوو نالەبار
پێیان ئەوت: قالە هار
درۆزن و حیلەباز
ئاژاوەچی و فیتنەساز
بێ ئیش و کار و تەمەڵ
پیس و پۆخل و چەپەڵ
یا خۆ بە شەڕ یا بە خەو
ڕۆژی ئەگەیان بە شەو
ئەچووە بەر قاپیی ماڵان
بۆ جگەرە و چێشت و نان
خەڵقی لەبەر زمانی
خۆراکیان بۆ ئەهانی
هەم پارەشیان ئەدایە
بسرەون لەم بەڵایە
بەم چاکە لەبەر مار
بێسوودە نایەت بە کار
هەتا ڕۆژێ لە ڕۆژان
چووە ماڵی کامەران
ڕووی کردە خێزانەکەی
بە زمانە پانەکەی
وتی: خاتوونی بەڕێز
وا لە برسا بووم بێهێز
ئەلەرزێ هەموو گیانم
وەختە بڕوا ژیانم
یەک-دوو نانم بۆ بێنە
ئەی خانمی بێوێنە
ئەپاڕێمەوە لە خوا
کە وا سەرفرازت کا
بەختت بەرز و باڵا بێ
ژینت بێسکاڵا بێ
خانمی چاک و دڵپاک
لەم ناپاکە نەیبوو باک
بۆی هێنا خۆراک و نان
لەگەڵ جگەرەی «ڕۆسمان»
دوو درهەمیشی دایە
لە ڕیگای ئەو خوایە
بەڵام قالەی بەدسروشت
کە دیی دەرگا لەسەر پشت
کەسی تر نییە لە ماڵ
کە ئاگای هەبێ لە حاڵ
خۆی کوتایە دیوەخان
وتی: ئەی خانمی جوان
خێر و چاکە تەواو کە
دڵی هەژارم ڕاو کە
دوو ماچم پێ کەرەم کە
گیانم خاڵی لە غەم کە
دەمێکە بۆت نەماوم
وەک پەروانە سووتاوم
لای تۆ ئەی جوان ئەمە
بەخشینێکی زۆر کەمە
ئاگادار نییە هیچکەس
هەردوو ماچ و ئیتر بەس
خانم وتی: ئەی بەدخوو
ئەی سپڵەی بێئابڕوو
وەهایە جەزای چاکە
لەتەکی ئەم ناپاکە
خێرا کە هەستە بڕۆ
ئەی خوێڕی، پیسی خەڕۆ
ئەی سەگی سپڵەی گڵاو
خۆتم ون کە لەبەر چاو
هەتا دەست نەدەمە دار
بتکەم بە عیبرەتی شار
هەموو گیانت پارە کەم
بۆ عالەمت چارە کەم
قالە وتی: ئەی خانم
فیدات بێ ڕۆح و گیانم
ژینی من زۆر بێنەرخە
لای مرۆڤی ئەم چەرخە
هیچە بوون و نەبوونم
وەک شەوە ڕۆژی ڕوونم
بەو پەنجە وەک بلوورە
گەر بمکوژی لەم ژوورە
بۆ من بەختیارییە
کۆتاییی هەژارییە
ئەمەی وت و زوو هەستا
دەستێکی دا بە دەستا
هجوومی کردە سەر ژن
هەر وەکوو گورگی چڵکن
خانم هەتا توانیی
پڕ بە دەمی قیژانی
لەم هاوار و قیژانە
دراوسێی ئەم کۆڵانە
هاتن هەموو بێ وچان
بەرەو ماڵی کامەران
بزانن چی ڕووی داوە
هۆی چییە ئەم ئاژاوە
قالەیان دی وەستابوو
خانمیش زۆر شێوابوو
وتی: ئەی خەڵکی گەڕەک
لە جەزای نان و نمەک
ئەم پیاوە بەدکردارە
ئەم پیسی نالەبارە
پەلاماری منی دا
کە بمکا سووک و ڕیسوا
منیش وا بە دەستوبرد
هاوارم بۆ ئێوە کرد
سوپاس بۆ زاتی ئەزدان
کە خێرا ئێوەی ڕەخسان
بە قوڵپی گریانەوە
باسی بۆ گێڕانەوە
هاوسێ هەموو یەکبارە
تێ گەیشتن لەم بارە
هاتن قالەیان هێنا
تێر و پڕیان تێ هەڵدا
هەموو لەشیان تێک شکان
فڕێیان دایە کۆڵان
وتیان ئەی پیسی ناکەس
ناپاکی سووکی تەرەس
دنیا ڕزگارکردنە
بەشی تۆیش هەر مردنە
چاکە لەتەک بەدخووا
خراپەیە لای خوا
ئەم باسە بکەن بە پەند
بۆ خۆتان بێ چوون و چەند