ماوە؟

از کتاب:
بەرهەمی خاوێن
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 1 دقیقه  581 مشاهده
کەسێکی ڕاست و هێمن بێ لەناو ئەم خاکە گەرماوە
گومانی تیا نییە وەک هەژار و دەربەردەر ماوە
کەسێ وا خوا بناسێ زۆر بە ئایین بێ گەلێ شازە
ئەگەر مابێ لە کونجێکا ئەویش بێدەردیسەر ماوە
ئەوەی ویژدانپەرست و ساخ و پاکە وا لەناو گۆڕا
لە دووی ئەو یەک-دوو ڕۆڵەی ڕووتەڵەی بێ باڵ و پەڕ ماوە
ئەوەی خەڵقی لەسەر خوانی بەکۆمەڵ تێر ئەبوون ئێستا
لە برسانا سەری دێشێ کە موحتاجە بە بەرماوە
ئەوەی جاران کە وا بەرگی هەموو ئاوریشم و ئەتڵەس بوو
لەبەر ڕووتی پەرێشانە بە دەس ئازاری سەرماوە
هەموو شت پێچەوانەی ئارەزووی تۆیە برای ژیرم
ئەوەی وریا بوو یا ژیر بوو لە دنیا بێ خەبەر ماوە