جەنابا نامەکەت هات و گەیشتە دەس منی بێ کەس
نامەیەک
از کتاب:
پاشمەرگەی قانع
اثر:
قانع (1898-1965)
1 دقیقه
1328 مشاهده
جەنابا! نامەکەت هات و گەیشتە دەس منی بێ کەس
منت دانا بە کوردێکی هەژار و بێ کەس و بێ دەس
ئەگەر چی تۆ ئەنووسی، ئاشەوانی فەخرە لام قوربان
کە چۆن ئەشعاری پڕ مانا و، کەلامی گەوهەرینم هەس
ئەتۆ سامان و پارەی زۆر و کۆشکی بەرز و ڕەنگاوڕەنگ
منیش بێ قەوم و بێ عەشرەت، قەسیدەی ئاگرینم هەس
ئەتۆ مڵک و سوارە و چەک، هەتا خۆت ماوی هەر ماوی
منیش بۆ کورد دڵ و جەرگ و دەروونێکی حەزینم هەس
ئەتۆ خنجێر و شمشێر و ڕم و نێزەت لە مەیدانە
منیش هەڵبەستی پڕ مانا و پەندی مەرهەمینم هەس
هەموو سامانی دنیا پێشکەشی تۆ بێ وەجاخ کوێری
منیش شابەیتی ئاودار و هەزاران ئافەرینم هەس
کە تۆ مردی بە یەکجاری ئەبیتە مشتێ خاک و خۆڵ
منیش دوای مردنم ئینجا، بزانە دەوری ژینم هەس
ئەتۆ نازت بە شەستیر و چەک و دینار و باخاتە
منیش نازم بە کوردانە و بە کورد بڕوای مەتینم هەس