بۆم بێنە بادە
از کتاب:
چەپکێ گوڵ و خونچە
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
1 دقیقه
730 مشاهده
بۆم بێنە بادە بێ مەزە و بێ ئاو
لە بۆ ساڕێژی دڵەکەی شکاو
سا یەک لە دوو یەک بۆم پڕکە پەرداخ
تا دەرئەکەوێ لە ئاسۆ هەتاو
چل قاپی سەرمۆر وا لەبەر دەستا
دەستت ئەلەرزێ تا ئەبێ تەواو
بەڵکوو ئەو خەمەی کە وا لە دڵما
تەفروتونا بێ بە مەی شەو لەناو
گەر بە مەی نەبێ کەی ساڕێژ ئەبێ
جێگابرینی غەمی دوابڕاو
ئەی ساقیی دڵسۆز ئەی پیری بەڕێز
وا بۆت ئەنێرم دوو هەزار سڵاو
پێشکەشت ئەکەم هەرچی ئەفەرمووی
لە پارە و ماڵ و لە زێڕ و دراو
هەستە مەردانە هیچ ڕامەوەستە
گوێ مەدە سۆفیی خەرقە هەڵوەشاو
با ئەو هەر بڵێ بادە حەرامە
تۆ هەر بۆم تێکە بێ حەد و حیساو
هەتا ئەکەومە خۆشی و هەوای خۆم
ئەبمە فڕۆکەی خەیاڵاتی خاو
ئەچمە بەهەشتی بەزم و دڵشادی
چیای تەمناکم ون ئەبێ لە چاو