بۆ زاخاوی مێشک

از کتاب:
دیوانی گۆران
اثر:
گوران (1904-1962)
 2 دقیقه  707 مشاهده
مامۆستا گۆران کە لە ژمارە ١١٢٢ی ١٩٥٢/١١/٠٦ وەوە سەرپەرشتیی ڕۆژنامەی «ژیناعلام»ی گرتە دەست، وەک ڕۆژنامەنووسێکی لێهاتووی خاوەن بیروباوەڕ کەوتە کار بۆ بووژاندنەوە و گەشەپێدانی. لەگەڵ دەرەتانی تەسکی ڕۆژنامەکەشدا گەلێ گۆڕانی دیاری بەسەردا هێنا. یەکێ لەو کارانەی بەم مەبەستە کردنی، کردنەوەی گۆشەی «بۆ زاخاوی مێشک» بوو کە جۆرە مەتەڵێکی بە شیعر لە هەر ژمارەیەکدا بڵاو ئەکردەوە و لە ژماری پاشەوەشدا هەڵ هێنانەکەی ئەخستە ڕوو. زۆربەی ئەو مەتەڵانەی بڵاوی ئەکردنەوە ناوەڕۆکێکی سیاسییان هەبوو، لەگەڵ مەبەستی خستنەکاری بیردا هۆشیارکردنەوەی خوێنەرەکانیشی لە بارەی سیاسییەوە مەبەست بوو. لە سەرەتادا مامۆستا گۆران خۆی ئەم مەتەڵانەی دائەنا، بەڵام پاشان وردەوردە خوێندەوارانیش کەوتنە بەشداریکردن. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا زۆربەی مەتەڵەکان هەر هیی مامۆستا گۆران بوون. هەر مەتەڵێک لە ژینی سەردەمی مامۆستا گۆراندا بڵاو کرابێتەوە و ناوی کەسی لە بنەوە نەبێ، هیی خودی مامۆستا گۆرانە.
ئێمە کە لەم بەرگەی تێکڕای بەرهەمی گۆراندا ئەم مەتەڵە شیعرییانەی بڵاو ئەکەینەوە، بەتامین لە بەرگی دووەمیشدا کارە هونەری و ئەدەبییە پەخشانەکانی تری بڵاو بکەینەوە کە وەختی خۆی لە ژیندا بڵاوی کردوونەتەوە. م. م. ک.
(١)
ژوورێکی زل وەک مزگەوت
ئەچنە ناوی شەش و حەوت
کۆڵانی تەنگ ئەبڕن
تا جێی خۆیان ئەگرن
جێی دانیشتنی گیاندار
تاریکە و نەخشی دیوار
ئەژی لەبەر ڕووناکی
ئای خوایە چەن بێ باکی!