باوەڕەکەمان...

وێنە لە هەڵبەستی سۆڤیاتی
از کتاب:
دیوانی گۆران
اثر:
گوران (1904-1962)
 2 دقیقه  499 مشاهده
دانەر: یەڤگینی یەفتۆشینکۆ
لە گۆڤاری «سۆڤیەت لیتریچەر» وەرگێڕاوە.
باوەڕەکەمان فەرمان نییە بەسەرمانا داسەپابێ،
لە قووڵاییی دڵمانا ڕەگەکانی داچەقیوە
ئەگەرچی لە ئازار زاوە و لە گوشاری پێویست،
بەڵام ئێستا: ئەبەخشێ هێز، ئەبەخشێ بەری شیرین
باوەڕەکەمان لە ڕۆژی هەرە تاریکا گەیشتە فریامان
لە کاتێکا کە باری سەرشانی گەل ئێجگار قورس بوو
بە بڵێسەی گڕی لەنین ڕووناکیی تێکەوت،
ئیتر... ئێمەی خستە سەر تاقە ڕێگای ڕاست
ڕووبەڕووی مەرگ لەبەر بارانی گوللەی دوژمنا وەستاین،
لەبەر هەر درەختێکا پارچەیەکیان لە لەشمان پچڕی،
دەمی داپچڕاوی برینەکانیان پڕ کردین لە لم.
نیشانەی داخەکانیان هێشتا بە سنگمانەوە دیارە.
نە تفەنگمان هەبوو، نەکەرەمان چنگ ئەکەوت،
«گرانی» بە خوار و ژووری گوێ چەمی «ڤوڵگا»دا دزەلۆقەی ئەکرد.
لە کاتێکا کاربەدەستانی «نیپ» فیزیان ئەفرۆشت.
بە بەرگی پۆشتە و دەستی ئەمووستیلەداری ناو دەستکێشەوە.
بەرامبەری تەوس و توانجیان لە ئێمەوە بینینیان بوو بە چاوی سووک.
بە زەبری ڕەنج هەر خۆمان نزیک ئەخستەوە لە ئامانجمان.
بە پێچەوانەی گێرەشێوێنیی، پرۆژەکانمان هاتنە بەر:
کەڵەکە بوو گەنمی زۆر، ئاسن و پۆڵای زۆر، خەڵووزی زۆر!
لە پاشترا بێگانە هات بۆ هەڵ لووشینی خاکەکەمان،
وە بۆ بینینی هەرەس هێنانی کوترپڕمان،
لە کاتێکا کە دەرزییە هەر زوو تیژکراوەکەی هیتلەر
بە ناوی «مۆسکۆ»دا ئەچەقی لەسەر خەریتە!
کوڕانە وەستاین لە ڕووی دەستەی تەقەکەرا،
پڕ بە ورگیان پێمان نۆشین ژاراوی «تۆڵە».
ڕاستە پۆستاڵەکانیان بەسەرمانا قونەی کرد،
بەڵام پۆڵای خواستمان هەرگیز نەنووشتایەوە بۆیان.
لە ناو جەرگەی خۆڵەمێش و تەپ و تۆزی شەڕا
باوەڕەکەمان بە هێزی پترەوە سەری بەرزکردەوە
هەموو لایەکی دنیا دەنگی دایەوە،
لە کاتێکا ئێمە هەڵمانکوتا بۆ سەرکەوتنی ئێجگاری
فڕوفێڵە خشکێیییە پیاوکوژەکانمان دایە بەر نووکەشەق،
نەمانهێشت دەستی چڵکنیان ڕەژیمی سۆڤیەتی گڵاو کات.
ئەم باوەڕەی کە توانیی بەرامبەر بە لافاو و بڵێسە بوەستێ،
کە ڕاستیی خۆی دەرخست هەم لە شەڕا و هەم لە ئاشتیدا،
لە ئێمەوە بەجێ ئەمینێ بە میرات
کە ڕابەر بێ و ئیلهام دەر بێ
بۆ پشتاوپشتی لاوانی وڵات!