پییەرلۆتی

از کتاب:
دیوانی گۆران
اثر:
گوران (1904-1962)
 4 دقیقه  466 مشاهده
لە کتێبی «من شعر ناظم حكمتعربی» وەرگێڕڕاوە
نازفرۆشی، تەلیسم، قەدەر
قەفەس، کاروان، کۆشک و سەرا
تاڤگە،...
بڕۆن میرکچان!
پەریزادەکان!
ئەی سەماکەران لەسەر سینیی زیو!
ڕاجە، شا، سوڵتان
هەتا هەزار ساڵ
وەک لە منارە بووبێ ئاوێزان
ڕەسمگەلی شیلان
ئافرەتانی پێ و دەس بە خەنەش
ڕیس و چنینیان بە نووکی پێ لا ئەدەن
لە دوور دوورەوە
لەگەڵ گڤەی با
ئەخوێنن بە ڕیشی دووکەڵاوییەوە
کۆمەڵی مەلا
لە ناو بەرگی ڕەشی زلا...
ئا ئەمەیە، هەر ئەمەیە ڕۆژهەڵات
ڕۆژهەڵاتێک کە شاعیری فەرەنسی دیی
ڕۆژهەڵاتی بێ گەرد و خام
وەک ئەو کتێبانە ئەنووسن
کە دەقیقەی ملیۆنێکیان لێ چاپ ئەبێ
بەڵام نە دوێنێ، نە ئەمڕۆ، نە سبەینێ
هەبوو، هەیە، ئەبێ
ڕۆژهەڵاتی وا!
ڕۆژهەڵات، جێی هەڵهاتنی ڕۆژ،
زەویی بورکانەکان
کە دیل و بەندە، بەندەی ڕووت و قووت،
لە برسانا تیا ئەمرێ
وڵاتی کڵۆڵی
موڵکی هەموو، ڕۆژەڵاتی خۆی نەبێ
ئاخ ئەی ئاسیا... ئەی بالۆرەی دەمی ئەورووپا!
ئەی بالۆرەی پڕ لە هەموو شت
ئەی بالۆرەی پڕ لە گەنم
ئەی ئاس. یا،
چینییەکانت
چینییە سواڵکەرەکانت
خۆیان بە پرچ هەڵئەواسن،
بە دەست خۆیان بەند ئەکەن وەک مۆمی زەرد
بە دیرەکی کەشتییەکانی ئەمەریکاوە
لە پۆپەی هەرەبەرزی شاخی هیمالایامکان
لە پۆپەی هەرەسەخت
زابتەکانی بەریتانیا مۆسیقای «جاز» لێ ئەدەن،
قاچە زلەکانیان بە نینۆکی ڕەشەوە نوقم ئەکەن
لەو نەهری غانژەدا کە بێزراوەکان
مردوویانی تێ ئەهاون
ئەو مردووانەی بێ هیوایی لە ژێر پێدا
پلیشانوونی
وە ئەنادۆڵی
لە لووتکەیەوە تا دۆڵی
لەو زەوییە بەولاوە نییە
کە ئارمسترۆنگ گۆرانیی شێتیی تیا بڵاو ئەکاتەوە
ئاسیا ئیتر بێزار بووە،
بێزار بووە لەمانە گشتی
ئیتر ڕۆژهەڵات نایەوێ
ئەم شۆربایە قووت دا
تەنانەت ئەگەر یەکێکتان توانیی سبەینێ
ئەو مانگایەمان بۆ زیندوو کاتەوە کە برسیەتی کوشتی
با دوورەوە کەوێ، هەر ئەوەندە بۆرجوازی بێ
تەنانەت تۆ، ئەی پییەر لۆتی
بە تایبەتی تۆ
ئەی ئەوەی ئەسپێی تیفۆس لە لەشیا شاراوەتەوە
ئەو ئەسپێیە کە لە ڕێی کووتاڵی مێو کراوەوە ئێمەیان پێ کوتا، تۆیش هەر دوورەوە کەوە
دوورتر کەوە لە زابتی فەرەنسی!
تۆ، ئەی زابتی فەرەنسی!
پارەکەی خۆتت لە بیر چوو
«ئەزیادە»ی چاو هێشوویی
ئەوەندە زوو کە ژنە بازاڕییەکان
بەو گورجییە لە بیر ناچن
درۆزن دەرچووی، ئەی لۆتی!
درۆزن دەرچووی
گۆڕی «ئەزیادە»ت بۆمباباران کرد
ئەو گۆڕەی لە ئێمەدا ناشتبووت
لە منا ناشتبووت
هەر وەکوو کۆڵکەدارێک بێت بۆ نیشانە دانرابێ
با گشت لایەک بزانن
کە تۆ، ئەی لۆتی! لە جادووباز زیاتر نییت
جادووباز... پییەر لۆتی
ئەوەی کە بە ڕۆژهەڵات ئەفرۆشێ
هەرچی کاڵای فەرەنسی هەیە،
هەرچی کاڵای چاوەڕاو هەیە،
سەدی پێنج سەد ئەخاتە سەر نرخەکەشی بۆ قازانج
ئەی پییەر لۆتی! ئەگەر باوەڕم ببوایە
بە گیانی جیاواز لە بیرەوەری،
گیانی تۆم ئەگرت
لەو ڕۆژەدا کە ڕۆژهەڵات ڕزگار ئەبێ
بە پایەی پردێکا هەڵم ئەواسی
ئەمجا جگەرەیەکم ئەنا بە دەمەوە، ئەمکێشا
بەرامبەر بەو گیانە درۆزنە!
دەستم بۆ ئێوە درێژ کردووە،
دەستمان بۆ ئێوە درێژ کردووە
دەستمان بگوشن
ئەی ڕووت و قووتەکانی ئەورووپا!
غار دەین لەگەڵ یەکتر
بەسەر ئەسپی شێی ڕەنگ سوورەوە
ئامانج بەرامبەرمانە، ئەوەتا زۆر نزیکە
زۆر نزیکە بنواڕن
بنواڕن چەن کەم ماوە
بۆ ئەو ڕۆژانەی بڕیان داوین لە سەربەستی
بڕوانن ژیانەوەی ڕۆژهەڵات
چۆن لە دوور ملی ناوە دێت
دەستەسڕی خوێناویمان بۆ هەڵ ئەتەکێنێ!
بڕوانن، دوایی، چۆن ئەسپی شێی ئێمە
بە چوارپەل سەما ئەکات
بەسەر لاکی ئیستیعماردا!