خەباتی گەل
ئەبووتورابی جەلی
از کتاب:
دیوانی گۆران
اثر:
گوران (1904-1962)
2 دقیقه
898 مشاهده
لەش گەڵای دار بوو ڕژایە سەر شەقامی پانی شار
خوێنی لێ ئەڕژا وەکوو لافاوی بارانی بەهار
مێشک و کەللەی زۆر پژابوو، سنگ و گەردن تێک شکاو!
مێشکەکانی پڕ هیوا و سنگەکانی پڕ «شەرار»
گەرچی خوڕڕەم دای ئەکرد بارانەکەی کوشتاری گەل،
گەل، بەڵام وەستابوو مەحکەم چەشنی کێوی «ئیستیوار»
ڕیزی پێشی گرتبوو پاڵەی دەس و مشت ئاسنین
شان بە شانی ئەو ئەچوو ڕەنجبەر لەگەڵ دەستەی هەژار
سێبەری سەر گشتی کۆمەڵ باڵی مەرگ بوو، باڵی مەرگ!
خەڵک بەڵام بێباک ئەڕۆییشتن بەرەو ڕووی چاڵی مەرگ!
دوایی مشتی ئاسنینی خەڵک تانکی تێک شکان،
دەستی هێزی گەل لە خاکا تۆپەکانی گشت خەوان!
قاچی تاوان کەر لە پیسیدا هەتا بندەست چەقی،
دەستی ناپاکان کشایە دوا، نیشانەی داوەشان!
گیان سپێریی گەل لە ناوچاوانی پاکا بوو بە فەڕ
داخی عاری نایە سەر ناوچاوی تاوان پیشەکان!
خۆی خزانە کون لە ترسانا وەکوو ڕێوی و دەڵەک:
گورگی خوێن خوارێک لە میللەت کەڵبەکانی دەرپەڕان!
تک تکی خوێنی شەهیدان بوونە مەشخەڵ بۆ زەفەر،
لەشکری پرشنگ، شکستەی هەوری تاری دایە بەر!
یەکیەتیی گەلمانە وا زنجیری جەوری پارە کرد
نەعرەتەی ئینسانە وا ڕێویی دزی ئاوارە کرد
پایەیی کۆشکی ستەم لەق بوو، بەڵام پێویستە ڕەنج
تا بە جارێک سەرنگوون کەین ئەو سەرایە دەست و برد
هەر لە سایەی یەکیەتیدا بێ گومان توانست ئەبێ
خەم نەهێڵین و بڵێین وا دەردی خۆمان چارە کرد
دوشمنی بەدکاری ئێمە پیشەکەی ناپاکییە
سەد شوکر ڕۆژی بەسەرچوو، سەد شوکباوکی مرد!
با ئیتر کون کون نەکا سونگی، لەشی پیر و جوان،
با ئیتر خوێن ڕووی زەویمان لێ نەکاتە ئەرخەوان!