گۆرانیی لاوانی جیهان

از کتاب:
دیوانی گۆران
اثر:
گوران (1904-1962)
 1 دقیقه  465 مشاهده
(١)
یەکمان ئەخا یەک هیوا،
لەمپەڕ هەتا ئەوپەڕی دنیا.
ڕێمان پێ بگرێ دوژمن،
بێ گومان سەر ئەدا لە ئاسن!
لاوان گەر دەنگ هەڵبڕن،
گەلان گشت ڕائەپەڕن،
گۆرانیی لاوان،
پڕ ئەکا ژیان،
لە شادی بۆ هەموو
(دەور)
بەستە بۆ شادی ئەڵێن گشت لاوەکان
لاوەکان... لاوەکان...
چۆن لە بەرمانا ئەوەستن دوژمنان؟
دوژمنان؟
لەگەڵ لاوان،
ئەڵێن گشت جیهان،
بە یەک زمان:
چۆن لە بەرمانا ئەوەستن دوژمنان؟
دوژمنان؟ دوژمنان؟
(٢)
لە بیرمانە کۆڕی جەنگ:
چۆن پڕ بوو لە مەیتی شەهیدان
ئەو خوێنەی خاکی کرد ڕەنگ،
بوو بە مۆری براییی گەلان.
دەسا ئەی تێکۆشەران!
بۆ داد و ئاشتیی جیهان،
بگرن ڕێی خەبات؛
بگەنە ئاوات؛
بگەنە ئارەزوو.
(٣)
دەنگی زوڵاڵمان، بە سوێن،
ئامانجێکی پاک ئەدا بەڵێن
سەربەرزی بڕوامانین
بە ڕاستی دڵسۆزی ئینسانین
بەڵام هێزە گومڕاکان،
بوون بە هۆی تاڵیی ژیان!
با بمرێ خوێن مژ!
شەڕفرۆشی پیاوکوژ
سەرکەوێ ئاشتی، زوو!