پێنجخشتەکی قانع لەسەر شیعری حەمدی ساحبقڕان

از کتاب:
گوڵاڵەی مەریوان
اثر:
قانع (1898-1965)
 5 دقیقه  622 مشاهده
شوکری خوا کە پەردەیی میحنەت دڕایەوە
پەترۆی برینی عاشقی شەیدا کولایەوە
دووبارە جەژنە ئاگری عوشرەت کرایەوە
بولبول بە جەندە دێت و دەلێ «دەی» بڕایەوە
شاخی درەختی عومرە شکۆفەی ژیایەوە
جۆش و خرۆشی هەورە کە وا هاتە زار و شین
نەعرەی سەدایی بەرقە ئەنرکێنێ ئەو بەقین
سەیرانی سەیرە گولاڵە بە دوو چاوی پڕ نمین
تەقلیدی دیدەکانی منی کردووە زەمین
هەر کوێرەشیوە کە چەشمەیی تێدا ژیایەوە
سوڵتانی بەفری شاخە پەرێشان و ماتەمە
ئۆردووی سەهۆڵ و زوقمە کلیلەی هەموو خەمە
ڕۆژی نەجاتی وەحشیی و سەیرانی ئادەمە
نەورۆزە، جەژنە، بۆیە چراخانی عالەمە
یا ئاگرە لە عومری «شتا» چوو کوژایەوە
دارانی لانزارە هەموو هاتنە زمان
کێکف بە سۆز و سازەوە. بانگ ئەکا لە ئەرخەوان
بڕوانە سووچی باخ و لە سروەی بەری بەیان
عەرعەر لە لەنجەدایە، لە ڕەقسایە سەروەکان
بەرگی چەمەن لە ڕەنگی زوموڕڕەد کرایەوە
نرکەوگوڕەی شەماڵە کە هات چەشنی شێری نەر
چووزەی بنی درەختە لە دوژمن کە کەوتە گەڕ
کوڕ ناخەڵەف نەبوو کە نەترسا لە شۆڕ و شەڕ
خەیرولخەلەف نیهالی لە جێدایە سەوز و تەڕ
دارێ بە بەفر و بادی زمستان شکایەوە
ئازیزە بانگ ئەکا بە سەدایێکی نەرمەوە
بڕوانە بۆ جنوور لە شاخا بە سەرمەوە
بەم پەستیەش ببینە گرەوی لێ ببەرمەوە
گوڵ دەستی یاسەمینی لە ملدا بە شەرمەوە
فەرمووی زەمانی بولبولە با بێتە کایەوە
ئەییامی تۆڵەسەندنی سوڵتانی نەوبەهارییە
ئەم ڕۆژە ڕۆژی مێوە کە زنجیری دار بییە
کوانێ وەنەوشە لە کوێدایە دیار نییە؟
وا تێدەگەم لە بەزمی چەمەندا چرا چییە
لالە کەرۆنی شەونمی کردە چرایەوە
تەرسا میسالە یارۆ کە زەننارەکە زولفییە
کۆگای گەنجە ڕوومەتی ڕەشمارەکە زولفییە
حەڵقەی تەنافی گەردنی دڵدارەکە زوڵفییە
بۆ گەردنی عوششاق هەمیشە بەهارە کە زولفییە
عوقدەی سیاهی دەمی ڕیاحین کرایەوە
ئەم بۆنە بۆنی یارە ئەگەر بۆنی گوڵ نەبێ
ئەو تاجە تاجی شایە شکۆفەی لە چل نەبێ
ئەم خاک و خۆڵە پاکی عەبیرە سمل نەبێ
قەترانی تێ تکاوە ئەگەر داخی دڵ نەبێ
یا سورمەیە بە دیدەیی نەرگس کشایەوە
شەوبۆ و سوور هەڵاڵە ئیشارە لە یەک ئەکەن
سەرو و چنار و پەڵکە کە سوجدە لە یەک ئەبەن
ئەمڕۆ لە لالەزاری سەفادایە یاسەمەن
هەنگامی وەسڵە شەسپەڕ و مینا بە یەک ئەگەن
پەردەی زەفافە قەوس و قەزەح ڕاکشایەوە
بڕوانە چاوی هەور کە جۆش و خرۆشی کرد
دارانی سەرکڵاوە هەموو سەوزەپۆشی کرد
گەنجی چیا بەجارێ گولاڵەی لە کۆشی کرد
لیمۆ قەدەح لە چاوی تورنجە کە نۆشی کرد
بەدمەست و سەرکەشە بەشی نەرگس نەمایەوە
ئاخر نەفەسیە کلیلە کە تەرکی کەلام ئەکا
زستانی ساردە ویداعی لە خاس و لە عام ئەکا
نۆبەی بەهارە براکەم حوکمی خۆی بە کام ئەکا
گەردنکەچە وەنەوشە لە زەنبەق سەلام ئەکا .
نیلۆفەڕە بە قەهقەهە لێوی کرایەوە
کاتێ کە هەور گرتی سەراسەر هەموو زەویی
تاڵانی بەفری کرد چ لە بەرزی، چ نێو نەویی
سوور هەلڵگڕا گوڵاڵە لە شادی کە تێگەیی
بووکانە ئەرخەوانە لە تارایی پەمبەیی
خوێنی دڵی بە خەمزەیی شیرین تکایەوە
ئەو خاتەمی نگینە کە سەنرا لە ئەهرەمەن
دووبارە کەوتە دەستی سولەیمانی یاسەمەن
ساڕێژی کرد برینی بە بای شەماڵ دارەبەن
چەترێکی بێ بەرە کە درەختانی نارەوەن
خێوەت کە دووبەرە نییە سێبەر بە لایەوە
ئاهووی مێرغوزارە لەسەر بەزمی هاتوچوو
هەردەم لەگەڵ گەوزەن و کەڵ و گۆر ڕووبەڕوو
پۆپەی گڵووک ئەخۆن بە مەرام و ئارەزوو
گریەی عینەب بە باوەشی بادامەوە وەکوو
تفڵێکی شیرەخۆرە بە بەر مەمکی دایەوە
سۆفی بە خۆت و ڕیشەوە خۆت لادە مەگرە ڕێ
بڕوانە بەزم و شۆر و سەفایە لە شار و دێ
تۆش وێردی خۆت بگۆڕە وەرە سەرباسی میم و یێ
هەر عەتری بیدمشکە نەسیمی سەحەر کە دێ
نەی دێتە ڕەقس و لەنجە ئەخاتە کایەوە
جەننەتشکێنە کاکە هەموو کێو و دەشت و دەر
حووری نگینە برا نازی یاری سیمبەر
تەئسیر ئەکاتە ڕۆح و ئەبرژێ هەموو جگەر
خوێنی ئەوەندە گەرمە گوڵی ئاتەشی سەحەر
لوئلویی شەونمی لە مەزاقا توایەوە
ئامادەیی گرتنی داوێنی یارە دڕکەزی
گەنجێکی چواردە سال و تەڕ و تازەیە کەچی
سەردانەواوی سەلامە کە وەختێ چناری دی
پەستی مرادی حیکمەتە باڵای شۆڕەبی
وەرنە جوانە قامەتی بۆچی چەمایەوە
بڕوانە کێو و کەژ هەموو گوڵزارە دامەنی
خونچە بە شۆری بولبولی مشتاقە پێکەنی
هێلانەدۆزە پچڕ و ئەپرسێ لە مەلبەنی
کەو کۆهساری گرتووە سەحرایە مەسکەنی
هودهود بە تاج و حاجی بە شان و عەبایەوە
وا، جاڕی دا چەمەن کە گەیشتم بە ئارەزووم
شاباشی گوڵ ئەکەم، لە نەبوونی زستانی شووم
کۆتر ئەڵێ لە شوێنی جووتی خۆمە هاتوچووم
تەبریکی ساڵی تازەیە بازی مرادە بووم
هاتۆتە دەر لە خەڵوە بە ڕیشی ڕیایەوە
«قانعتخلص» کە کەوتە شیعر، لە شیعری دەقایقا
چۆن ڕاستە ڕاست ئەڵێ لە مەقامی حەقایقا
گوڵدەستە شیعری حەمدیشخصیە فایق بەسەر شەقایقا
حەمدی نەبێ خولاسە لە جەمعی خەلایقا
عومرێکی تازە لەززەتێ تازە بە شایەوە