ڕاست بنەوە

لە شیعری «جەمیل سیدقی زەهاوی»یەوە
از کتاب:
دیوانی گۆران
اثر:
گوران (1904-1962)
 2 دقیقه  531 مشاهده
بۆ ناخەنە سەر زمانی ئاگردار:
لە کەللەدا چیتان هەیە لە ئەفکار؟
هەنگاو بنێن بەرەو ئامانج بەبێ ترس،
هاژەتان بێ، وەک ڕەشەبا، وەک ڕووبار!
ڕاست بنەوە بە قینەوە لە ڕەوشت،
سەر شۆڕ مەکەن، تا تەنانەت بۆ ئەقدار!
تێکڕا گشتتان، خۆتان خێوی خۆتان بن،
وەک سەردەمتان بۆ سەردەمانە سەردار!
بە قەڵەمباز هەنگاو بنێن بەرەو پێش
با بگەنە پێشکەوتووان لە ڕێبوار!
بێت و سستی پێشان بدەن لە گوڕا
هۆی شەرم ئەبن بۆ «یەعروب» و بۆ «نەزار»
ژیان چییە؟ کۆڕی شەڕی سەرومڕ،
وەی بە حاڵی بێ هێز لە دەستی زۆردار!
کێ زاڵ ئەبێ؟ کۆڵ نەدەری دڵ پڕ زات
کێ ئەبەزێ؟ ترسنۆکی بێ بڕیار!
با، پیر خۆیان لادەن، کوڕی مەیدان نین
سا لاوینە، دەی ڕۆژتانە، دەی زینهار!
کۆن فڕێ دەن، نوێ بپۆشن، هەتاکەی:
کەش وفشی درۆی ناو بەرگی پێرار؟
خۆ ڕزگار کەن لە بەندی گشت باوەڕێک
کە تاریکن، ڕێ ون ئەکەن بە ڕێبوار!
بە ئاشکرا، بانگی ڕاستی بۆ خەڵکی
جاڕ بدەن و بۆیان دەرخەن گشت ئەسرار!
جوانە ڕاستی وەک دیمەنی بەیانی
وەک ئەستێرە ڕووتە و ڕوونە و پرشنگ دار!