ئامۆژگاریی ئیمپریالیزم
از کتاب:
دیوانی گۆران
اثر:
گوران (1904-1962)
2 دقیقه
993 مشاهده
ئیمپریالیزم ئەخوازێ کوت و مت وامان ئامۆژگاری بکا کە شاعیری گەورە مەعرووف «ڕەسافیشخص» هۆنیویەتەوە. بەڵام ئێمە ئەگەر ئەم ئامۆژگاریانە لە گوێ بگرین دیارە کە تا بینەقاقا کەمترمان ناچەقێ! ئەگەر بەتەواوی پێچەوانەش بڕۆین بەڕێوە، ئەوا ئەو خۆی هەتا نووکی گوێچکەی کەرەکانی لە ناو قوڕا نقوم ئەبێ!
هۆ خەڵکینە! ورتە مەکەن
دەم لە قسە هەرگیز مەدەن
بنوون و هیچ بێدار مەبن
هەر نووستووانن پێئەگەن
ڕوو وەرگێڕن لەو شتانەی
کە ئینج چییە، پێشتان ئەخەن!
بە لەعنەت کەن تێگەییشتن
چەند بە کەڵکە هیچ تێنەگەن
لەناو دەلیای نەزانینا
با هەر مەلەی خۆتان بکەن
خۆ سیاسەت، لێی بکەون
پاشان پەشیمانیی ئەبەن!
گەر دووی کەون ئەو جادووە
خۆتان لە ناو تەلیسم ئەخەن!
هات و بۆ قسەی عادەتییش
دەمتان جووڵا، ئەبن بە پەن!
ڕووگرژ مەبن لە زوڵم و زۆر
بۆ عەدڵ و داد گوێ هەڵمەخەن
کامتان ئەتانەوێ بژین
بە خۆشی و حورمەت، شاد و شەن؟
گوێتان بگرن لەگەڵ چاوتان
لەوس و لچتان لەواشە کەن
چونکە هەر بە کەڕ و لاڵە
حورمەت ئەدەن، بایەخ ئەدەن!
هیوای قەڵبی بەختیاری
لەم ژینەدا ئەچێ بە چەن!
ژین هەر ژینە: تێر بی و برسی
ڕزق هەر ڕزقە: عەمار بێ و مەن
ملکەچ بن بۆ حوکمی قەدەر
با هەمووشی هەر گەن بێ و گەن!
ستەمتان دی پێ خۆشحاڵ بن
بڵێن: هەر ستەمە پەسەن!
تێ هەڵدران سوپاس کەر بن،
زللە، بڵێن «چل تا بزەن!»
وترا پێتان: هەنگوین تاڵە
بڵێن: تاڵێک، جۆری دەگمەن!
وترا بە ڕۆژ: ئەمە شەوە
بڵێن: ئەوە گشت ئەستێرەن!
وترا: کوێرەکانی، زێیە
بڵێن: هەر لافاوە دیمەن!
ئەگەر وترا: ئەی خەڵکینە
پەل پەل ئەکەین دایکی وەتەن!
بۆ شوکرانە سوجدە بەرن
سەما بکەن، هەتاکوو هەن!