ساوای ئاشتیخواز
از کتاب:
دیوانی گۆران
اثر:
گوران (1904-1962)
1 دقیقه
1007 مشاهده
مناڵێکم کۆرپەی ناز
وەک باوکی خۆم ئاشتی خواز
کۆتری سپیی تەقڵەباز
لە چەقەڵ ئەکەم دەرباز
مناڵێکم، مناڵێکم، ئاشتیخواز
نامەوێ گرمەی بۆمبا
بە کوتەک لە کەللەم با
نامەوێ چەپۆکی شەڕ
ماڵی باوکم با بە «با»
مناڵێکم، مناڵێکم، ئاشتی خواز
باوکم نابێ بێکار بێ
ڕووت و قووت و هەژار بێ
دایکم فرمێسکی خەمی
وەک دڵۆپی بەهار بێ
مناڵێکم، مناڵێکم، ئاشتی خواز
نامەوێ هەتیو کەوم
کەلاوە بێ جێی خەوم
لەبەر ئەوە، مایەی شەڕ
کێ بێ، دوژمنی ئەوم
مناڵێکم، مناڵێکم، ئاشتی خواز
ئەمجا مەرجە تا ماوم
بە زمانی پاراوم
گۆرانیی ئاشتی بڵێم
ئاشتیی ڕووناکیی چاوم
مناڵێکم، مناڵێکم، ئاشتیخواز