ئاخ بۆ تەمەنی جوانی

از کتاب:
باخچەی کوردستان
اثر:
قانع (1898-1965)
 3 دقیقه  784 مشاهده
تافی جوانی، تافی جوانی
سەرمایەی نیشات، تافی جوانی
عەزیزتر لە ئاو چەشمەی حەیوانی
واسیتەی قانوون، ڕەسمی ئینسانی
مەتاعی مەقبووڵ، پارچەی پڕ قیمەت
تاج سەر شاهان، نیشانەی ڕەحمەت
تا تۆ لەلام بووی ساحیب ڕەواج بووم
بەدەم خۆم نەبێ، قابل بە تاج بووم
لاژووروونشین دەستەی ئەعیان بووم
زۆر خۆشەویستی دەستەی یاران بووم
باڵا ڕێک و ڕاست هەر وەکوو چنار
چاک و پێ کەوتوو، لەسەر تا بەخوار
چاو وەکوو دوربین، ئەژنۆ بە تەکان
هەناسەی نەرم، ڕاست ڕێک و ڕەوان
نە کۆکەی دەروون، نە هاژەی بەڵغەم
نە دەستەلەرزێ، نە دیدەی پڕتەم
نە وتووی ڕۆژ، نە لرخانی شەو
نە سیخەی سەر سنگ و تووی نێرەکەو
نە پەنجەی ناوک، نە کۆڵنجی شان
نە بۆڵەی مناڵ، بۆ ئیش و فرمان
نە قەبز مەجلیس، نە چەپۆکی ژن
نە فڵچەی تیکە، نە لیک ڕژاندن
داخم ئەو داخە، تافی جوانی
لە دەسم دەرچووی، قەدرم نەزانی
ئیستە گیرۆدەی مەقامی پیریم
زەدەی زەمانەی بەزم و زویریم
بێ بۆ بە دەورەی بەزمی یارانم
سەر دەسەی جەمیع شەرمەسارانم
مەیدانی بەزمم کونجی مزگەوتە
ئیقباڵی ڕاستم، خەدەنگی چەوتە
باری تالعم ئەوەندە لارە
ئەولادی خۆیشم لە من بێزارە
زەوقی شیرینم تەواوی تاڵە
کوێر و کەڕ و کز، حاڵم بەدحاڵە
دڵە! پڕ لە زووخ پەردەی ماتەم بی
لەمە خراپتر گیرۆدەی خەم بی!
دەرکە مەیل یار، باڵا نەمامان
سروە و چپەی ڕاز، شیرین کەلامان
پڕ بە لە وەسواس بیمی گۆڕخانە
بە تۆچی تازە، گۆشەی مەیخانە؟
لەقە و قرمەی بەزم یارانت کوانێ؟
ناو و شۆرەتی شارانت کوانێ؟
ئەی سەر! تۆ لەجێی مێزەرەی گران
هەر قوڕ بپێوە تا ئاخر زەمان!
وەختێ تۆ سەر بووی، لە باوەش یار بووی
سەربەرز و ماقوڵ، لە عام دیار بووی
ئیستە بۆ ئەلحەد، خۆت موهەییا کە
تەرکی خراپە و حوببی دنیا کە
ئەی چاو! تۆ لە چی سورمەکەی کۆی توور
قەبزەی خودایی، سوختەی لقای نوور
پڕ بە لە فرمێسک گەرمی نەدامەت
بۆ بێ تۆشەیی سەحرای قیامەت
تازە تەماشای یاران بە تۆ چی
سەیر و تەماشای شاران بە تۆ چی
کوانێ تەماشای باڵای نازداران؟
یا سەیر گوڵزار، فەسڵی بەهاران!
پشت بێ نیشان تیر ئەندازیتە
وەک مناڵ دایم خاکبازیتە
ئەی دڵ! بناڵە بە بانگی بێ شەرم
ئەلئەمانت بێ، بە زایەڵەی گەرم
کوانێ گفتوگۆی قسەی ڕەنگینت؟
شیعر و غەزەلیات نیکتەی شیرینت؟
کوانێ فەساحەت مەجلیسی ئەعیان؟
دڵسۆزی و نەرمی لەگەڵ هامفەردان؟
ئەی زوان! سەد حەیف، بۆ جەوهەری تۆ
بۆ نەقڵ و بەیان وەک گەوهەری تۆ!
کلیلی دەرگای خەزنەی مەعنا بووی
چرای مەجلیس و دوڕی یەکتا بووی
ئەبی بە خۆراک مەل و مۆر و مار؟
یا ئەبی بە خاک، هەر وەک ئەوەڵ جار؟
ئیستە بێ هێز و بێ نوتق ماوی
وەک لاڵ نیوەزوان، خلیچک و خاوی
گەردن! تۆ بلوور ساف بێگەرد بووی
بە دەم خۆم نەبێ شەمامەی زەرد بووی
بۆچی چرچ و لۆچ وشک و پڕباری؟
مەکروهی نەزەر، زەلیل و خواری!
«قانعتخلص» ئەزانم دڵت پڕ خەمە
هەتا زۆر بڵێیت هێشتا هەر کەمە