تێکۆشینی باز و کەڵەشێر

از کتاب:
باخچەی کوردستان
اثر:
قانع (1898-1965)
 2 دقیقه  652 مشاهده
جارێکیان بازێ تەڕلان تەوارێ
کەوتە ڕاو کردن لە کۆهسارێ
کەڵەشێری زل لە هەوارە کۆنێ
جێمابوو لە خێڵ بەهەر چلۆنێ
کە بازی چاو کرد چووە ژێر دارێ
نەک باز بزانێ بۆی بێتە خوارێ
بازیش نیشتەوە لەسەر پۆپەی دار
تەماشای ئەکرد لە ژوور و لە خوار
نواڕی کەڵەشێر خۆی پسوو داوە
بە ڕووی خاکەدا چاک دامرکاوە
ڕووی تێکرد وتی ئەی یاری غەم خوار
هاوپەڕ و هاوخوێن هەروەک من باڵدار
بۆچی ئەترسی هەڵفرە بۆ لام
تاوێ دانیشین بە مەیل و مەرام
با لە ژینی یەک چاک شارەزا بین
لە پاشان هەر کەس بۆ جێی خۆمان چین
مەترسە چاخی زوڵم نەماوە
خوێنمژین تەواو بە ڕووی دنیاوە
کەڵەشێر زانی کە باز نایکوژێ
هەر وەکوو جاران خوێنی نامژێ
لە کون هاتە دەر نواڕی بۆ لای باز
لەگەڵ یەکتری کەوتنە ڕاز و نیاز
وتی ئەی شاباز خاوەن دەسەڵات
من باڵم نییە هەڵفڕم بۆ لات
ئەبێ عەفووم کەی توانام نییە
کە نەمتوانی دەسەڵات چییە
باز وەرامی دا تەمەڵی بێ خێر
کزی ژێر دەس ژن بە نانە ڕەق فێر
ئەوەڵ تا ئاخر تێنەکۆشاوی
بۆیە وا ئێستە تەواو داماوی
تەکان دە لەخۆت تا ئەگەیتە لام
کێ بێ تێکۆشین ناگا بە مەرام
بە تێکۆشینت زۆر بێ یا کەم بێ
ئەگەی بە ئامانج خاترت جەم بێ
کەڵەشێر لە ڕیا غیرەتی نوان
بۆ لای هاوڕێکەی باڵی ڕاوەشان
سێ یەکی ڕێگای تەی کرد و داکەوت
چۆن داکەوتنێ زۆر بە لار و چەوت
ئەمجار دووبارە دای لە شەقەی باڵ
گەییە نیوەی دار بە هەزار ئەحواڵ
بۆ جاری سێهەم هێزیدا باڵی
بەهەر جۆرێ بوو گەییشتە پاڵی
دەمیان نا ناو دەم یەکتری بەجۆش
یەک بە یەکتری تەواوی سەرخۆش
چوونکە کەڵەشێر هێزی دا بە خۆی
ئەوە کە ئەیویست چاک دەستی دا بۆی
هەر کەس تێکۆشا شوێنی دیارە
بۆ مردن چاکە پیاوی بێکارە