دڵی دایک
از کتاب:
باخچەی کوردستان
اثر:
قانع (1898-1965)
2 دقیقه
1328 مشاهده
جارێکیان لاوێک سەرگەرم و مەغروور
لە ناو یارانا بە نەزان مەشهوور
ئەیدا لە دایکی هەرتا ئەیتوانی
وتاری باوکی بە هیچ ئەزانی
دڵی چووە سەر دراوسێ ماڵی
ژنێکی زۆرزان خۆش خەت و خاڵی
ئیشارە بە چاو پێکەنین بە دەم
بە بەینیانا چوو لە زۆر و لە کەم
گا شەڕە چەپۆک گا پاڵ پێوەنان
هەتاکوو ئیشیان لە ئیش ترازان
دایکی لاوەکە بەم ئیشەی زانی
کەوتە تەدبیری زۆر بە ئینسانی
وتی خوشکەکەم مەیە بۆ ماڵم
خرابمان مەکە و مەشکێنە باڵم
ئەم کوڕی منە سەرسەری مەکە
لە ژینی دنیای بێبەری مەکە
ژنی دراوسێ کە زانی وایە
تەرکی ماڵی کرد نەهات بۆ کایە
لەپاش یەک دوو ڕۆژ کوڕە هیلاک بوو
بۆ نەهاتن یار تەواو خەمناک بوو
شەوێک لە شەوان زۆر بە پەنهانی
چوو بۆ لای دۆسە هیچ کەس نەیزانی
وتی گیانەکەم بۆ تەرکت کردم
بە چاوت قەسەم ئەوا من مردم
وەرامی داوە مەعشووقەی عەییار
وتی خۆشەویست بۆ من بریندار
دایکت زانیویە ئابڕووی بردم
نازانی پیرێ کە چی پێ کردم؟
تازە من و تۆ بۆ یەکتر نابین
هەتاکوو مردم بۆ لای یەک ناچین
کوڕ هاتە وتار ئامان سەد ئامان
لێم زویر نەبی دەستم بە دامان
تۆ چی ئەفەرموویت سەرم لە ڕێتە
پەردەی دڵەکەم خاکی ژێر پێتە
وتی ئەتەوێ بم بە میوانت؟
دس کەمە ملت بێمە سەر ڕانت؟
دایکت زگ بدڕە و دڵی دەر بێنە
مەیخە بەیانی ئەمشەو بۆم بێنە
منیش ئەوساکە وەکوو جارانم
هەرچی بڵێی پێم بەندە فەرمانم
کوڕ بە نەزانی ڕای کردۆ بۆ ماڵ
زگ دایکی دڕی سا بە هەر ئەحواڵ
دڵی دەرهێنا و خستیە سەر دەستی
بردی بۆ یاری دوو دیدە مەستی
هێندە پەلەی کرد کوڕی مل قەوی
پێی هەڵخلیسکا و کەوتە سەر زەوی
بە زووانی حاڵ دڵ هاتە زمان
وتی ئەی ڕۆڵە ئامان سەد ئامان
هۆشت بێ دەخیل بریندار نەبی
لە نەخۆشخانە زار و خوار نەبی
قەزات لە گیانم لەسەرخۆ بڕۆ
ئێشت پێ نەگا بمکەی ڕەنجەڕۆ
هەر کەس بزانێ کە دایک کامە؟
هەتاکوو مردن چەشنی خوڵامە
چاو بقونجێنە لە نان و ئاوت
پەڕۆ گوو شۆرین بێنە پێش چاوت
ئەم جار ئەزانی کە دایک چییە؟
بۆ تۆزێ ئێشت ئارامی نییە