قانع و تاوسی تانجی

از کتاب:
گوڵاڵەی مەریوان
اثر:
قانع (1898-1965)
 2 دقیقه  1022 مشاهده
تاوس من و تۆ هەردووکمان پیرین
یەک لە یەک بەدتر مات و زویرین
من دوعا بۆ نان تۆ دوعا بۆ من
دۆس دێنە سەیرمان چ جیای دوژمن
تاوس ئەزانم حاڵت بێ حاڵە
هیچ خەفەت مەخۆ وا نیوەی ساڵە
پێنج، شەش مانگێ تر بە ئیزنی خوا
یا جووتی هێسر یاخۆ جووتێ گا
ئەخەمە زەوی جووتی پێ ئەکەم
بە تێر و تەسەل نانی تۆش ئەدەم
کەواکەی بەرم حەوت ساڵ تەواوە
هیچ کەس نازانێ لەچی دووراوە
ساڵێ تر ئەیکەم بە جلی بەرت
با کۆڵنج نەکەی نەدا لەسەرت
بەڵام وا ئێستا فەسڵی زستانە
وادەی کڵێڵەی بەفری کوێستانە
دەسا بتبینم ئەی شێرەکەی خۆم
کەروێشک و ڕێوی چلۆن ئەگری بۆم
مەنواڕە بەوا کز و داماوم
هەتا بمێنم عاشق بە ڕاوم
وڵامی تاوس
قانعتخلص هیچ کەسێک نازانێ تۆ چییت
لە من خراپتر دائیمە برسیت
نە شێخ نە مەلای، نە ئۆمی نە بەگ
تۆ خۆت نان بخۆ چیت داوە لە سەگ
تۆ کۆنە فەقێی پەروەردەی مزگەوت
ئەوەندەت دیوە لە لار و لە چەوت
سەد هەزار شڕم بە نیوە شڕت
دەستم بە گونی کوتەکی کوڕت
ئەو وەختە زانیم کەتۆ بێ نانی
لە من خراپتر دڵ پەرێشانی
کە خەریک شێعری، شێعریش نەگبەتە
ژینی شاعێران خەیلێ زەحمەتە
تا تۆ شاعر بی و من تانجی تۆ بم
لەمە خراپتر هەر ڕەنجەڕۆ بم
وا من خەریکە لە برسا ئەمرم
لەباتی کەروێشک مەر گونت بگرم