دەستی یەک بگرن
از کتاب:
شاخی هەورامان
اثر:
قانع (1898-1965)
1 دقیقه
776 مشاهده
میللەت دەخیلە هەستن بزانن
ئێوە شەریفن خاوەن ویژدانن
سەرێ بەرزۆ کەن چاوتان ببینێ
پیاوێ بە تەنها هۆزێ ئەژیێنێ
دەوڵەمەن تۆزێ لە خوا بترسێت
هەواڵی هەژار جارجار بپرسێت
با سێ قات نەبێ خانوو و سەراکەت
پارەی قاتێکی بە بە براکەت
تا بیدا بە نان بۆ بچکەکانی
ئەویش بەش ببا لە زیندەگانی
چونکە ئەو فەوتا تۆش هەر ئەمریت
ببی بە ئاگر گون کەس ناگریت
چەن خۆشە برسی تێر بکەی لە نان
خۆت بۆ بە کوشت دا لە ڕۆژی مەیدان
دەوڵەمەن مەڵێ قسەی بۆ خۆیە
نەبوونی هەژار نەبوونی تۆیە
ئەگەر شەش هەژار شەو پاست نەکا
چەتە بە تاوێ ماڵەکەت ئەبا
تۆ قەسری سێ قات بۆ بکەی بە ماڵ؟
من نەمبێ زنجی بۆ خۆم و مناڵ