هەتاکوو ڕزین

از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
 1 دقیقه  424 مشاهده
فرمێسکی چەشنی دڵۆپە ئاوی کوڵاوی بەتین
لەدوای ڕۆشتنت بەسەر ڕومەتما هاتە خوار چینچین
دڵ و دەروونی پڕ لە ئاگرم زیاتر جۆشی خوارد
هەناسەکەشم کەوا دێتە دەر بۆتە ئاگرین
دڵم توایەوە لەناو خەفەتا جەرگم بوو بە خوێن
نەخۆشیم نییە بەڵام لە داخت کەوتم بێتین
خەو و خۆراکم لێ هەڵگیراوە، هۆشم نەماوە
چونکە لەبەر تۆ ژینم خۆش ئەوێ ئەی گیانی شیرین
بەختیاری و ژینم بە تۆوە بەندە تۆیش کە زویر بیت
بەو خوایە ئێستا کە تۆ ئاوەهایت بێزارم لە ژین
تۆ قەت دڵڕەقی پیشەت نەبووە بەرامبەری من
نازانم تازە وات لێهاتووە بخەیتە دڵ قین
هەزار ئەوەندە لێم زویر ببیت یاخود نەمدوێنی
ئەوسا من بێ تۆ بە پووش ئەزانم هەموو سەرزەمین
ئەوسا تۆ چاو و گیان و ژینمی من هەروەک خۆم
تۆ ئەپەرستم وەک «بت» هەتاکوو نەمان و ڕزین