کاروانی ڕزگاری

از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
 4 دقیقه  287 مشاهده
سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕش بۆ «مام جەلال» و هاوڕێکانی وتراوە
بەئەستەم گوێم لە سازێکە
لە نەغمە و لە ئاوازێکە
بەرەو ئێرە ڕێ کەوتووە
ملی ڕێگای ورد گرتووە
وردەوردە دێتە پێشێ
زیاتر سەرنج ڕادەکێشێ
وا دێتە گوێم کە ئەو دەنگە
ئەو ئاوازە دەنگی زەنگە
کە هاتە پێش دیم کاروانە
کاروانێکی بارگرانە
بارگەوبنەی هەڵپێچاوە
تەنگە و پاڵووی گرێ داوە
کاروانە وان هەموو شەنگن
شێوەی گورجوگۆڵ و مەنگن
سەرنج لە هەر کامیان ئەدەی
ئازایەتی تیا دی دەکەی
لێم پرسین بەرەو کوێ ئەچن؟
وتیان کاکە بەرەو مردن
بەرەو مردن، چۆن وا ئەڵێن؟!
بۆچی ئێوە کاوانی کوێن؟
نەمبیستووە هەتا ئێستا
کەس خۆی بەرەو مردن ببا
یەکێکیان نوێخەتی دابوو
کلێتەی لاری لەسەر نابوو
تفەنگێکی لە شاندا بوو
فیشەکدانی لەخۆ دابوو
پەستەکێکی مەریوانمکانی
ڕانکوچۆغەی هەورامانمکانی
وەڵامی دا وتی: تێتگەیەنم برا
ئەم کاروانە گەورەی کە تۆ
سەیری دەکەی کەوا دەڕوا
زۆر لەسەر خۆ
کاروانی کوردایەتییە
نەک کاروانی چەرچێتییە
بەڵکوو ئامانجی مەزنە
گرنگە، نەک مردنە
بەرەو مەڵبەندی ڕزگاری
تەکان دەیات بە هۆشیاری
وای داناوە کە هەر کۆسپێ
لە بەردەمدا و لەسەر ڕێ بێ
تێکڕا پەلاماری بدەین
کۆڵ نادەین تا تەختی دەکەین
ئێمە کە هاتووینە کاروان
خێزان، ژیان، لاوێتیمان
گشتیمان ناوەتە لاوە
تا یەکێکمان زیندوو ماوە
تا کاروان بە مەڵبەند نەگات
نابێ کەسمان وچان بیات
لاشمان ڕوونە و باش دەزانین
هەتا بە مەڵبەند شاد دەبین
ڕێگا زۆر سامناک و سەختە
گەشتن بە مەڵبەند دوو بەختە
بەشی زۆری نەگەیشتووە
بە دڵناکامی مردووە
بەڵام چونکە لەو ڕێگایە
ژیانمان لا بێبەهایە
با سەختیش بێ بە باوەڕین
ئەم ڕێگایە هەر دەبڕین
بژین دەک لە دەورتان گەڕێم
ڕێگەم دەیەن لەگەڵتان بێم
منیش هاوبەشی کاروان بم
لەگەڵ ئێوە ڕێگە ببڕم
بەرەو ڕێی ئەو مەڵبەندە
کە ژینی کوردی پێ بەندە
وەکوو ئێوە خۆم بەخت کەم
لەگەڵتانا کۆسپ کۆسپ تەختی دەکەم
منیش کوردم، کوردپەرستم
لە خوێن و مێشک و هەستم
کوردایەتی ئاوێتەیە
قوربانی بێ هەرچیم هەیە
زەردەخەنەی سەر ڕووی
خۆش و دلاوەر لەسەر ڕووی
هەموویانا کێشرا
پێیان وتم گشتیان تێکڕا
فەرموو فەرموو
لەگەڵماندا تۆش ڕێکەوە
فەرموو هاودەنگ بە لەگەڵمانا
ئەم کاروانە هیی کەس نییە
کەس ناتوانێ بە هیی خۆی کا
بەڵکوو کاروانی گشت کوردە
کاروانی درشت و وردە
بەتایبەتی ئەو کوردانە
کە هەمیشە و دڵسۆزانە
ژیان لەسەر لەپی دەستیانە
کاروانچین و خۆ بە خاوەنی دەزانن
جا برای کورد تۆش دەتوانی
لەگەڵ ئێمە هاوبەش ببی
فەرموو برا خۆت گورج کەوە
لەگەڵ ئێمەدا پێکەوە بەڕێکەوە
ئەڕۆین تێکڕا کاروانە بەین
وچان نایەین هەتا دەگەین
لەگەڵیانا کە کەوتمە ڕێ
بەڵام چی ڕێگایەک لەبەر ناچێ
هەموو هەوراز و چیایە
باریکەڕێ و لاپێی تیایە
ئەوەندەش سەخت، پێچ و دۆڵە
مرۆڤ لە ڕێ خۆی لێ کۆڵە
لەبەر دڕندەش هەموو ڕێ
ئەبێ دەستت لەسەر پێ بێ
سەرنجم داوە دەستەیەک
لە پێشەوە جوان یەک بە یەک
ورد بوومەوە لەسەر ڕێیان
لە ڕۆین و جلوبەرگیان
زۆر هۆشیار و قارەمان بوون
بە وردبینی بۆ پێش دەچوون
لەدوای ئەوانەوە کاروان
ملی ڕێی ئەدا بێوچان
ئەوانە بوون پێشڕەوەکەی پێشەوە
دەمزانی قەت سڵ ناکەنەوە
لە ڕێی گەیشتنی کاروانا
گوڵی گەنجێتییان دانا
هەر کەسێکیان بەهەمیشە
لە لایان ببوو بە پیشە
لەناو کارواندا دەگەڕان
بێ چاوەڕێیی هانیان دەیان
با ڕێگاکەش وا سەخت بێ
دڵنیا بن دەگەینە جێ
زۆربوونی ئەو کۆسپانە
کار ناکاتە ئەو گیانانە
کە وەک پۆڵان ڕێگە دەبڕن
بە ژیانیان گەشتن دەکڕن
هەموو کاروان ناسیارن
کە پێشڕەوی ڕاستیانن
هەر بە پێشەوای ئەوان
بە بیر و ئازاییی ئەوان
کاروانەکەی بەجێ ئەگات
ڕێگای مەڵبەند بزر ناکات