کچە لادێیی
از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
1 دقیقه
554 مشاهده
کچە لادێیی شیرینتر لە مانگ
پەریت ناگاتێ بە برۆ و برژانگ
پرچی درێژت بەوێنەی ڕەشمار
بەسەر ناوشانتا هاتووەتە خوار
ڕوومەتی ئاڵت وەکوو سوورە سێو
زەردەخەنەکەت، نیشانەی لای لێو
ملوانکەی مێخەک لەگەڵ موورووی شین
گەلێ جوانترن لە خشڵی زێڕین
بوویت بە قیبلەی لاوی دەر و شار
چونکە جوانییەکەت خواکردە و بێ کار
نە بە دەرمان و نە سووروسپییاو
نە هەڵگرتنی ڕوو بە شریت و داو
وا ڕێکوپێکیت، جوانیی خواکردە
بوویت بە ئاسکی لە من ڕاکردە
توخوا ئەی جوان لە من وێڵ مەبە
فیری ڕمبازی و مەکر و فێڵ مەبە
چونکە وێڵی جوانیی خواکردم
تووشی تۆ هاتم ... هەناوت بردم
ئێستاش ئەم دەشت و کێوەم ئەگێڕی
باخچەی دەروونم بە سۆ ئەدێری
منیش هەتاکوو تینم تیا هەبێ
بە دواتا وێڵم تا هێزم ئەبێ
ئینجا کەواتە ڕوویەکم تێکە
بە چاوی جوانت زامێکم لێکە
با نیشانە بێ بۆ یادگاری
لەسەر سینەما بەوێنەی دیاری
هەتاکوو ئەمرم هەر بکولێتەوە
شێوەی جوانی تۆی پێ بیر بێتەوە