بەرەو سەربەستی

پێشکەشە بەو خوشک و برایانەی دژی کۆنەپەرستی ئەجەنگن
از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
 1 دقیقه  430 مشاهده
کچ و کوڕ خوشک و برا با تێکۆشین
ئاوی ئازادی بنۆشین
کۆنەپەرستان بفرۆشین
بە چاڵ و گۆڕ گشت بنێینە گۆڕ
کوڕ:
وەرە خوشکم لەگەڵ خوشکان
با هەموومان شان بەینە شان
تێبکۆشین بە دڵ و بە گیان
بێ جیاوازی بە شانازی
کچ :
برام ئێمەش، گشت ئافرەتین
کە گشت هەوڵمانە بۆ مافتان
داییم ئەبینە پاڵ و پشتتان
بەبێ وەستان ماوەی ژیان
کوڕ:
کۆنەپەرست و گشت یاسای
ئەقڵە بێفەڕەکەی ئەوسای
گشت پێی ئەڵێین وا تۆ تاسای
ئێمەی بەتین تۆ ئەکوژین
کچ :
ئیتر پیاوان و ئافرەتان
شانبەشان تاکوو دوازەمان
خەبات ئەکەن خوشک و برا
بۆ ئازادیی ڕۆژی شادی
کوڕ:
با دەست بگرین بە سەربەستی
تێبکۆشین بە بێ سستی
بۆ فەوتی کۆنەپەرستی
بووینە یەک چین تێئەکۆشین
کچ :
تێئەکۆشین و نابەزین
بەرەو ڕووی ئازادی ئەچین
کچ و کوڕ وەکوو یەک ئەژین
بە تێکڕایی بێ جیایی