یادی یەکی ئایار
از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
2 دقیقه
544 مشاهده
ئەی چینی چەکوش بەدەستان، ئێوە هێزێکی نەمرن
ئێوەن لە ناو میللەتانا بڵێسە و گڕی ئاگرن
بۆ پێشخستن و یەکخستن و سەربەستیی گەل و نیشتمان
ئێوەن بنچینەی ئەو بیرە، کەواتە هەموو یەک گرن
***
ئێوەن کەوا هەر پێشڕەوی هەموو چینەکانی گەلن
بەرەی دژی سامانداری و جەنگپەرستانی چەپەڵن
خەبات ئەکەن بەبێ وچان بۆ ئازادی و بۆ ڕزگاری
تێئەکۆشن ڕاناوەستن لەسەر پێ و ئامڕازی هەلن
***
ئەمڕۆش کە یەکی ئایارە، جەژنی گشت کرێکارانە
یادی ساڵی -هەشتا و شەش - و مەرگی گشت زۆردارانە
یادی تێکۆشانی سەخت و نەبەزین و کۆڵنەدانە
یادی داوای ماف کردن و دژی سەرمایەدارانە
***
یادی مەرگی هاوڕێ «جۆرج و ئۆگست و ئۆدلسف فیشەرە»
یادی هاوڕێ یاسننز و ڕۆژی زوڵم و دەردیسەرە
یادی خەباتە لە دژی ئەو سەرمایەدارە گەورە
کە تا ئیستاش بۆ گیرفانی مێمڵی ئاژاوە و شەڕە
***
ئەمڕۆ جەژنی ڕاستیتانە کە بە هێزی بازووی خۆتان
ئیسپاتتان کرد خاوەن مافن تێئەکۆشن بەبێ کۆڵدان
دەرتانخست بۆ هەموو دونیا پێشڕەوی گشت چینەکانن
لەناو هەموو چینەکان و هەموو گەلانی ڕووی جیهان
***
کرێکارانی نەبەزی کوردستانی قەت کۆڵنەدەر
لەگەڵ چینی زەحمەتکێش و جووتیارانی کوردا تا سەر
ئەمساڵیش وەک هەموو ساڵێک ئەم جەژنە یاد ئەکەینەوە
هەرگیز دوژمنی بەرامبەر سەرمایەدارێتی و خوای شەڕ