سۆزی کوردستان

از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
 2 دقیقه  573 مشاهده
گوێ لەو بانگەوازە بگرن بانگتان ئەکا ئەی گەلی کورد لە ئێرانا...
ئەی نەتەوەی کاوەی نەبەز، ئەی ڕۆڵەکانی قازیی کورد لە ئێرانا...
ئەی ئەو جگەرسووتاوانەی خوێنتان ڕێژا بێ بەراورد
لە مەهابادمکانی خوێنینا گەورە و بچووکتان لە خۆی بورد
لە پێناوی سەربەستییا هەزارانتان خۆی فیدا کرد، سەریان دانا
پاڵیان ئەنا بە ڕەوڕەوەی ژیانەوە بۆ پێشەوە
باکیان نەبوو لە زنجیر و بە ئەشکەنجە و ئەندێشەوە
لە پێناوی ئامانجەکەی کوردستانا بە ئێشەوە سەریان دانا
پێویستە ئێمەش بە ڕێگەی ئەواندا بڕۆین تا مردن
بۆ پاراستنی بەخت بین بە خوێن و سامان لە دوژمن
ژیان چییە گەر ڕایبوێرین بە زەلیلی و سەرشۆڕکردن
لە جیهانا؟..
موخابنە بتوێینەوە بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی تر
هەوڵ نەدەین بۆ کوردستان بە دەروونێکی وەک ئاگر
ئەگەر دڵسۆز نەبین بۆ کورد حەیفە بژین ئێمە ئیتر لە جیهانا
گوێت لە ئاوازی دەروونی کوردستانی دایکمانە ئەناڵێنێ؟
گوێت لەو بانگەوازەیەتی چەن بە سۆز و پڕ گریانە پێمان ئەڵێ
«ئەی ڕۆڵەکانم یەک گرن، تێبکۆشن سەراپا گشت
وەکوو قەڵایەکی پۆڵا بۆ من و خۆتان ببنە پشت
چونکە ئێستاش هەناوە پارچەپارچەکەم کە خوێنی ڕشت ئەیدەڵێنێ»
ئەی کوردینە موخابنە ئەو زامانە تیمار نەکەین
شوورەیییە دەردەکانی دایکی دێرینمان چار نەکەین
تەماشا کەن زامەکانی چەن ناسۆرە بۆ وا بکەین هەر بمێنێ؟
ئەبێ ئاواتی دوا ڕۆژی ئێمەی کوردی دڵ پڕ بڕوا
یەکگرتنەوەی کوردستان بکەین بە بەرزترین هیوا
بۆی تێکۆشین بە تێکڕایی بە بڕوایەکی وەک پۆڵا هەر بمێنێ