بۆ خوشکەکانم
از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
2 دقیقه
719 مشاهده
ئەی خوشکی بەنرخ ئافرەتەکەی کورد
نەوەی ئەوانەی کە خەباتیان کرد
ئەمڕۆکە نۆرەی سەربەستییە دەی
ببڕە ئەو داوەی کەوا تۆی بەند کرد
***
خستیتیە فاقەی کۆنەپەرستی
بۆ ئەوەی کۆمەڵ بێتە ژێردەستی
بە هەموو تین و پڕوپاغەندەی
ئەیویست کۆششمان بخاتە سستی
***
ئەیوت خەباتی ئافرەتان و پیاو
بەپێی شەریعەت نەگبەت دێتە ناو
غەزەب ئەبارێت بەسەر وڵاتا
ئەم کارە کاری کفرە و ناتەواو
***
ئەوەش بیرێکی ئیستعماری بوو
دەسیسەی پەڕەی هێز زۆرداری بوو
تاکوو لێک جیا بین، پشتی یەک نەگرین
بۆیە بچووکیان ئەوە کاری بوو
***
ئەوەی ئەزانی ئەگەر من و تۆ
دەست بدەینە دەست، بیرمان بکەین کۆ
زۆردار دەرئەکەین لەم نیشتمانە
پیشەی ئەوانیش ئەبێتە ڕۆڕۆ
***
ئەو خوێنەی کەوا ئەیمژی وەک مار
ئیتر ئەیبەستێ بۆی نایەتە خوار
ناتوانێ ئیتر سنانی بکات
کە شوێنی ڕاستی لێ بوو چەوت و لار
***
ئەو ڕۆژەی کەوا ئەوانی ترسان
ئاخری خۆیان بە چاویان دییان
ئێمە خەباتمان هەر بەردەوام بوو
بێفەڕی دەرچوو ئەو کارەی کردیان
***
ئینجا ئەی خوشک کە زۆردار نەما
فەوتا لەلامان جانەوەر، دەعبا
دەبا یەک گرین بۆ ڕێگای خەبات
داری تەڕ نەما کە دووکەڵ بکات
***
من و تۆ بەنرخ هاوخوێنین هەردوو
گشت خوشک و براین، ئەوە بەسەر چوو
ئەمڕۆ بڵێسەی ئازادییەکەمان
ئەو دێوە زلەی زوو کرد بە بێچوو
***
با دەستمان بگرین تەختە ڕێگامان
بۆ بەرزیی هۆز و گەل و نیشتمان
قەڵای ئازادیی جوان دروست بکەین
تا بمانناسن لە هەموو جیهان
***
هەوڵی ئەوە بەین کە دۆستمان زۆر بێ
نەک هەر پیشەمان ناو و ناتۆر بێ
هەر کەس ببێتە خوشک و برامان
یارمەتیی ئەدەین بە هەرچی جۆر بێ
***
ئیتر هەر بژیی هێزەکەی خەبات
کە ڕووناکی بۆی شایەتی ئەدات
ڕووناکیی تیشکی جوانی سەربەستی
کە بەختیاریمان گشت پێشکەش ئەکات