کۆشکی خەیاڵ

از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
 1 دقیقه  407 مشاهده
ژیان، چەندەها ڕۆژ و مانگ و ساڵ
دروستم ئەکرد کۆشک بە خەیاڵ
کەوا هەر ئەبێت ڕۆژێ بتبینم
کەم کا فرمێسکی چاوی بێتینم
چاو لە بەرامبەر بۆ چاو بڕوانێ
لەشیش لەرزەی بێ و لەرە نەتوانێ
دڵیش کوتەی بێت بە سکاڵاوە
دەروونیش قرچەی هەر لە پەناوە
جگەر و هەناو دابخورپێنێت
تا خۆشەویستی پەرە بسێنێت
بێجگە لەوانە پرچی قەترانیت
ڕوومەتی سووری سێوی یەزدانیت
لێوی شیرینی ئاڵی هەنگوێنیت
چاوی خوماری پڕ لە ئەفسوونیت
هەر یەک بە جۆرێ ئازارم بدەن
ڕەحەتی و خۆشیی هەناوم ببەن
بەڵام داخەکەم ئەمە خەیاڵە
چونکە تۆ دووری و وتەم بەتاڵە
بەڵام ئاواتم هەتا دوای ژیان
بینینی تۆیە ئەی ڕۆحی ڕەوان
کەچی ئێستاکە خەیاڵ بە خەڵات
«ژیان» دێنێتە بەر دەستی «ئاوات»
بۆ ئەوەی کەوا هۆش هەر بڵاو بێ
ناوی تۆ لەجێی وێرد و سڵاو بێ
بەڵام بە خەیاڵ پشتم نابەستم
ئەبێ بێوچان ناچار خۆم هەستم
گەر لەپێناوتا پارچەم بوو بە دوو
ئەبێت بتبینم وەک جاری پێشوو