سەر لێ شێواوم

از کتاب:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 1 دقیقه  247 مشاهده
لە دنیای ژینا سەر لێ شێواوم
هاوسەری ژینم ڕۆی لەبەر چاوم
منی بەجێ هێشت بە تاک و تەنیا
بێ تین و بێ هێز جگەر بڕاوم
هەر دێم و دەچم بەناو یانەدا
وێنەی پاساری دوو باڵ شکاوم
ئەو کە هاوڕاز و هاودەمی من بوو
وەکوو قازی کوێر بە تەنیا ماوم
هیچ کەسێ نییە کە فریام کەوێ
لەناو ئاگرا ئەگەر سووتاوم
کوڕ و کچ کۆیلەی ماڵ و مناڵن
ڕەنگە لەمەولا هەر نەبەن ناوم
قاپی دڵسۆزیم لێ داخراوە
ڕەنج بە خەسارچووی مایە فەوتاوم
ئەژیم لەمەولا وەکوو جانەوەر
نەک وەک ڕابووردوو کەوا ژیاوم
هاوسەر گۆڕەکەت پڕ ڕووناکی بێ
هەر لە یادمی هەتاکوو ماوم