ئومێدی دڵشادی

از کتاب:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 2 دقیقه  458 مشاهده
ئارامی گیانم سەعات نۆی بەیان
ئۆغری فەرموو بۆ بەزم و سەیران
دڵی لێسەندم بردی لەگەڵ خۆی
ڕۆحیشم لەگەڵ دڵ پێشکەش ئەکەم بۆی
ڕۆح و دڵ و گیان هەر بۆ ئەو باشە
ئەگینا هەمووی پوچ و بەلاشە
سەرچاوەی ژیان بێ ئارامی گیان
هیچ خۆشی نابێ بێجگە لە ژیان
گێژ و سەرسام و پەست و دەبەنگم
کە ئەو لێم دوورە زەرد ئەبێ ڕەنگم
ڕەنگە نەزانێ کە شەیدای ئەوم
کوژراوی دیدەی وەک شەهلای ئەوم
ڕەنگە نەزانێ تل ئەدەم بە شەو
کە ئەو لێم دوورە لێم حەرامە خەو
هەر لە یەکەم ڕۆژ کە ڕوویم دیوە
عەشقی لە گۆشەی دڵم چەسپیوە
عەشقی وەک ئاگر ئەتەنێتەوە
بە ئاوی ڕووبار ناکوژێتەوە
کاتێ بەلەنجە کە دێت و دەڕوا
بە خوای جوانی باش ئەکەم بڕوا
کە لەتەک منا دێتە گفتوگۆ
ڕۆحم لە عەرشا ئەکا هاتوچۆ
ئەگەر بۆ خەندەش دەم بکاتەوە
دڵ و دەروونم ڕوون ئەکاتەوە
گەر خوا نەکەردە لە من دڵگیر بێ
خوایە دڵی من لەت لەتی شیر بێ
خوایە ئەم گیانەم قەت لێم نەڕەنجێ
چونکە چاکترە لای من لە گەنجێ
سەرۆکی جوانی هەموو دونیایە
نموونەی کاری بەرزی خودایە
ئەگەر لێم ڕەنجا بێگومان ئەمرم
چونکە من بەرگەی خەمی ناگرم
ئەم شیعرە شوعلەی ڕوونی هەستمە
ئاوازی ڕۆحە و زۆر مەبەستمە