لە زمانی چەند لاوێکی مۆدێرنەوە
«لە ساڵی ١٩٥٠ وتراوە..»
از کتاب:
بەرهەمی خاوێن
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
2 دقیقه
690 مشاهده
پێم ئەڵێن لاوی خاوەن هیممەت بە
ساحێب مەبدەئو جوانیی سیرەت بە
وەک شێر بۆ قەومت تۆ بە هەڵمەت بە
بەعەزم و حەزم و ئیستقامەت بە
بەڵام ئەمانە لای من وەک بایە
خۆشتر لەم قسە لای من زوڕنایە
تەوالێتەکەم ڕۆنم لێداوە
باق و بریقەی ئافەتی چاوە
جلەکەم ئوتوی باش لێدراوە
قۆندەرەکانم بۆیاخ کراوە
ئیتر کوردی چی کوردستانی چی؟
عەزم و هیممەت و هەوڵدانی چی؟
یاخەی کراسم ترازاندووە
سینەی وەک زیوم جوان نواندووە
نرخی مەڕ مەڕم پێ شکاندووە
زۆر پیاوی گەنجم فریواندووە
ئیتر قەومییەت قسەی بەلاشە
لەو کارە لادەن ئەم کارە باشە
بەیانیان درەنگ هەڵ ئەسم لە خەو
چونکە من نانووم هەتا نیوەشەو
لە نۆشا نۆشا لەگەڵ ئەم و ئەو
قاسپە قاسپمە هەردەم وەکوو کەو
ئیتر شعوری پاک و ڕۆحی بەرز
شتێکن وەکوو باوێشک و وەنەوز
من قەت دڵی خۆم ناکەم موکەددەر
جل و تەوالێت ئەکەم موعەتتەر
ئەچمە نزیکی دوکانی کەسپەر
لەوێ هەر کچێ کە ئەکا تێپەڕ
بە زەردەخەنە و بە غەمزە و بە ناز
دڵی ناسکی ئەخەمە پەرواز
ئەڵێم موغەننی وەرە دەی بۆلام
توخوا بۆم بڵێ لە بەستە و مەقام
ئەیڵێ زۆر بە جۆش نەک بێ تین و خام
ئاخ سەد خۆزگە تۆش یاری دلارام
ئێستا لام ئەبووی بە عەیش و بە نۆش
ژیانی تاڵمان ئەکرد فەرامۆش
ئازایی لەلام دانس و سەمایە
غیرەت و هیممەت بەستە و غینایە
عەقڵ و دووربینی لام سینەمایە
باسی نەجابەت نەکەن خەتایە
نەجیب کەسێکە پارەی زۆری بێ
ئەگەرچی عەقڵی پوچ و قۆڕی بێ
مەعنای ژیانی لاوی وەهایە
لاوێ وانەبێ لام بێ بەهایە
بۆ ژیان ئەبا ڕێی مونتەهایە
هەرچی لێی دەرچێ وەحشی چیایە
وەرن لاوەکان بکەن پەیڕەوی
ئاڵای شادیتان قەت مەکەن نەوی