ئەڵێن و ئەڵێم

از کتاب:
بەرهەمی خاوێن
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 3 دقیقه  795 مشاهده
دۆست و کەسان پێم ئەڵێن
بدە بۆ چاکە بەڵێن
ئەڵێم: نیمە خراپە
دوورم لە تانە و لە جوێن
***
ئەڵێن: خۆت بکە بە میر
بۆ خەڵکی بەرە دەسگیر
ئەڵێم: بە من ناکرێ
بە فێڵ و درۆ تەدبیر
***
ئەڵێن: ببە بە مەلا
لە خانەقای «شێخ عەلاشخص»
ئەڵێم: ئەم کارە سەختە
بۆ مرۆڤی لابەلا
***
ئەڵێن: ببە بە دەروێش
لە لای شێخی خەڵوەکێش
ئەڵێم: بۆ من چاک نییە
هەر گیزەم بێ وەکوو مێش
***
ئەڵێن: ببە بە وەستا
هونەرت وا لە دەستا
ئەڵێم: بێ تین و تاوم
ئێستا لە کار و هەستا
***
ئەڵێن: ببە بە سەرۆک
لە بۆ بێکار و گەڕۆک
ئەڵێم: بۆ پوڵ و پارە
ناگرم یەخە و بەرۆک
***
ئەڵێن: ببە بە دەستبڕ
بەسە هێندە سارد و سڕ
ئەڵێم: بۆ گەنجی بێ ڕەنج
نابم بە مەردێکی دڕ
***
ئەڵێن: خۆت بکە بە دز
ئەگەر لە ژین بووی وەڕز
ئەڵێم: بێ جگە بەدناوی
لە مە دەست ناکەوێ مز
***
ئەڵێن: ببە قومارچی
گوێ مەدەرە چۆن و چی
ئەڵێم: من هەر دۆڕاوم
بردنەوەش بە تۆ چی؟
***
ئەڵێن: ببە دلاوەر
وەکوو ڕۆستەم و عەنتەر
ئەڵێم: من زۆر ئەترسم
لە شیر و تیر و خەنجەر
***
ئەڵێن: بادە بنۆشە
کە سەفا بەخش و خۆشە
ئەڵێم: زۆر باشە بەڵام
تێکدەری عەقڵ و هۆشە
***
ئەڵێن: گۆرانی بێژە
خۆشی ژیان بچێژە
ئەڵێم: ناسازە دەنگم
ئاوی رووم پێ مەڕێژە
***
ئەڵێن: ببە بە ئاغا
بژی لە قەسر و باغا
ئەڵێم: ئاغای بێ نۆکەر
زوو شەق ئەبا لە داغا
***
ئەڵێن: ببە بە شۆفێر
لێ خوڕە بەرەو هەولێر
ئەڵێم: ئیجازەم نییە
لەم کارە بوومە نەوێر
***
ئەڵێن: دانێ مەیخانە
لە گەڕەکی مۆر دانە
ئەڵێم: من موسوڵمانم
ئەمە بۆ من گرانە
***
ئەڵێن: بچۆرە حیجاز
بۆ بارەگای کارساز
ئەڵێم: نابم بە حاجی
بۆ ئەمە نیمە نیاز
***
ئەڵێن: روو لە خوا بکە
بگرە رێبازی چاکە
ئەڵێم: من خوا ئەناسم
کە بەرز و چاک و پاکە
***
ئەڵێن: دەر بچۆ لە شار
بچۆ هاوینە هەوار
ئەڵێم: ناکرێ بێ پارە
بگەڕێم باغ و مەزار
***
ئەڵێن: دور بە لە خزم
ئەتکەن کەساس و نزم
ئەڵێم: خۆشم ئەیزانم
لە گەلێکیان وەڕەزم
***
ئەڵێن: ببە بە قەشمەر
بە گاڵتە ژین بەرە سەر
ئەڵێم: سوکی لە دوایە
ئەم پیشەیە بۆ بەشەر
***
ئەڵێن: ببە بە سۆفی
لە ژین بێ ئاخ و ئۆفی
ئەڵێم: گەلێ سڵ ئەکەم
لە های و هۆی بلۆفی
***
ئەڵێن: بە وادەی درۆ
نەکەی ببی دەسخەڕۆ
ئەڵێم: من ماران گەستەم
لەسەر سەرم قسەی تۆ
***
ئەڵێن: وا چووی بە ساڵا
بێ دانیشە لە ماڵا
ئەڵێم: خۆ من نەمردووم
خۆم بنێژم لە چاڵا
***
ئەڵێن: شاعیری گەل بە
هەر ئاگاداری هەل بە
هەرچی ئەڵێن با بڵێن
نادەم بە هیچ کەس بەڵێن
***
خۆم رێبازم شارەزام
تا لە گیانمایە خوێن
ئینجا ئێستا من ئەڵێم:
کە من کێم و کوڕی کێم
***
مرۆڤێکی هەژارم
ئەزانم رێباز و جێم
سەختی ناخەمە پێشم
نابم بە کۆسپی خوێشم
***
پەیمانم داوە بە قەد
بەڕەی خۆم پێ ڕاکێشم
خۆم دوور ئەخەم لە بەدکاد
ئەبمە هاودەمی هەژار
***
چیم لە دەست بێ لە چاکە
ئەیکەم بێ ترسی پلار
ئیتر لە دوا وتارا
هەرچیم هەبوو لە بارا
***
وا بڵاوم کردەوە
بە ناو مەردانی شارا