چ خۆشە

از کتاب:
چەپکێ گوڵ و خونچە
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 1 دقیقه  1065 مشاهده
چ خۆشە نیوەشەو دەستم لە گەردن گوڵ عوزارێکا
بەجێهێنانی باخی دڵ لە باغ و لالەزارێکا
چ خۆشە دابنیشم یار ئەنیسم لەگەڵ بادە
ژیانی وا خۆشە ڕابورێ لە هەر بەزمی خومارێکا
چ خۆشە هاودەمم یار بێ لە هەر ساتێ لە هەر کاتێ
لە هەر یانە و حەسارێکا لە هەر دێهات و شارێکا
چ خۆشە ئارەزووی دڵ گەر ڕەوا بێ چۆن بە مەیلم بێ
لەناو باغ و نزارێکا وەیا کۆشک و تەلارێکا
چ خۆشە ماچ و مەزەی مەی بێ ژیان بێ ڕەنج و بێ وەی بێ
لە جەژن و بەزمی یارانا بە نەشئەی عود و تارێکا
چ خۆشە بەهرەدارێتی لە سامان و لە یارێتی
لە هەر وەخت و زەمانێکا لە هاوین و بەهارێکا
چ خۆشە غەم تەریکم بێ سەفا یار و شەریکم بێ
نەزاکەتدار نزیکم بێ لەهەر ڕەفتار و کارێکا
چ خۆشە هەر وەکوو ساوا غەمی مردن لەدڵ دەرکەم
بەبێ غەم ڕاکشێم بۆخۆم لە ژێر سایەی چنارێکا
چ خۆشە ناکەس و ناحەز هەژار و پەست و ڕیسوا بن
منیش خەندان و شادان بم لە گۆشەی مێرغوازێکا
چ خۆشە زەمزەمەی ڕەخنەت زەماوەند و سەفا و عوشرەت
لەگەڵ یارانی خۆش ئولفەت لە یانەی بەختیارێکا