بەسیە واز بێنە لە کردەی ناشیرین خاوەن کەماڵ
از کتاب:
دیوانی لوتفی
اثر:
لطفی (1905-1989)
1 دقیقه
581 مشاهده
بەسیە واز بێنە لە کردەی ناشیرین خاوەن کەماڵ
تا بە کەی بێ هەست و هۆشی وەک مناڵی خوردە ساڵ
موبتەلای دونایی دوونی ڕۆژ و شەو دێی و دەچی
بێ خەبەر ماوی لە ئەمری زاتی پاکی زولجەلال
تۆزێ یادی خوا بکە تا ماوە ژینت خاک بە سەر
دوایی سوودێکی نییە یەک زەڕەیێ سامان و ماڵ
کاتێکت زانی لە ناکاو تووشی داوی مەرگ ئەبی
جێ ئەمێنێ گشت بە جارێ پاشی خۆت ماڵ و مناڵ
گەنجی قاروونت هەبێ هێشتاکە داماو و گەدای
گشتی قوربانی سەعاتێ، تاعەت و نانێ حەڵاڵ
ئاگادار بە توێشەی چاکت هەبێ بۆ ئاخیرەت
نەکەوییە ڕێ بێ زەخیرەی تاعەت و دەستی بەتاڵ
سەروەتی دونیا ئەگەر هی تۆ بێ جێی شادی نییە
چونکە لەم کەونە هەموو شت هەر ئەبێ ڕۆژێ زەواڵ
چاوی غەفڵەت هەڵبڕە زوو ڕوو کەرە دەرگاهی خودا
ئەم ژیانە فانییە تێپەڕ ئەبێ وەک بای شەماڵ
لوتفیتخلص تۆش عومرت بەسەر چوو وای لە دوا قۆناغی ژین
هەستە خۆت ئامادە کە بەسیە ئیتر فکر و خەیاڵ