تەشریفی نەوبەهارە کە عالەم دەکا نوێ
از کتاب:
دیوانی نالی
اثر:
نالی (1800-1877)
1 دقیقه
3238 مشاهده
تەشریفی نەوبەهارە کە عالەم دەکا نوێ
دڵ، چونکە میسلی غونچەیە، بۆیێ دەپشکوێ
لەم وەعدە خۆشەدا گوڵ و گوڵچیهرە تێکەڵن
یەک ڕەنگ و موتتەحید، بە دڵ، ئەمما بە تەن جوێ
عەرعەر عەدیلی قەددییە، یەعنی بەرابەرن
سونبول شەبیهی زوڵفییە، فەرقی نییە مووێ
لەم خۆشییە کە هێزمی مەتبەخ سەوز بووە،
ماوم عەجەب لە دیدەیی سۆفی کە ناڕووێ!
تیپی شکۆفە، خەیمەیی داوە لە هەر تەرەف،
یا شاهی نەوبەهارە، هەڵیداوە هۆردووێ؟!
دنیا کە گوڵ گوڵی بووە، قوربان، ئەتۆش وەرە...
تالیب بە گوڵ بە، قەیدی چییە گوڵ گوڵی بوێ!
بولبول، کە گەرمە نەغمەیی، ئاگر دەکاتەوە
غونچە، حەزینە، جەرگ و دڵی بۆ دەکا توێ
نالیتخلص! زوبانەکەی تەڕ و پاراوی سەوسەنت
حەیرانی چاوی نێرگسە، وەک لاڵە، نادوێ...