نەگبەتی نەیگرتبێ شوکری خوا هۆشیارە کورد
از کتاب:
دیوانی شاهۆ
اثر:
شاهو (1882-1971)
1 دقیقه
1526 مشاهده
نەگبەتی نەیگرتبێ شوکری خوا هۆشیارە کورد
ساحیبی عەقڵی سەلیم و ساحیبی ئەفکارە کورد
گەر لەمەو پێش نووستبوون بەینێ لە خاوی غەفڵەتا
ئێستە گەر ئینساف بدەن هەستاوە وا بێدارە کورد
خۆ بە ئینساف گەر تەماشا کەن بە چاوی دیققەتێ
هەر ئەوەی عەیبە کە ئەمڕۆ بێ کەس و خەمخوارە کورد
خۆ بە نیسبەت جەوهەر و جێگە و مەقام و موڵکەوە
شاهی و شاهەنشەهی شایستە و هەموارە کورد
گەر قسەی ساغتان ئەوێ یاران بە قورئانی کەریم
مردنی پێ چاترە لەم خزمەتی ئەغیارە کورد
بێشە کەی خاڵی بووە هەرگیز لە شێر و کەرکەدنگ؟
شێری شێر خۆری تیایە، مەردی جەوهەردارە کورد
پرس ئەکەم بەو مەجلیسی ئەقوامی میللەت پەروەرە
داخڵی ئینسافە ئایا مەحو ئەکەن یەکبارە کورد؟
شێت نییە ئەم قەومە، ئەفکاری هەمووتان تێ ئەگەن
هەرچی سیڕڕێکتان هەبێ پاکی لەلا ئیزهارە کورد
نەگبەتی داوێنی گرتووین، سەبر ئەکەین تا وەختی خۆی
عاقیبەت معلووم ئەبێ چۆن ئاغە و سەردارە کورد
دڵ پڕ و ماتەم مەبە شایقتخلص! یەقین ڕۆژێ ئەبێ
بەم زووانە ببنە جێگەی پەنجەیی ئیشارە کورد