ڕەببی هەر چەند غەرقی دەریای بۆگەنی عوسیانتم

از کتاب:
دیوانی شاهۆ
اثر:
شاهو (1882-1971)
 2 دقیقه  897 مشاهده
ڕەببی هەر چەند غەرقی دەریای بۆگەنی عوسیانتم
خۆ بە دڵ ئەمڕۆ بە هیوای بەخشش و غوفرانتم
قامەتم هەر چەند چەمیوە من لەژێر باری گونام
چاوەڕوانی ڕەحمی عامی واسیعی یەزدانتم
من سکاڵای خۆم لەلای کێ کەم پەنا بۆ کێ بەرم؟
زاتی خۆت موشکل گوشایە، چاوەڕێی ئیحسانتم
هەر چلۆنێ بم، ئیلاهی! ئافەریدەی زاتی تۆم
باوەڕم پێتە، بەڕاستی تابعی قورئانتم
ژین و ڕزگاری و بوڵندی عیززەت و زیللەت هەموو
هەر بەدەستی خۆتە ڕەببی مل کەچی فەرمانتم
تاعەتێکی وام نییە لایق بە زاتت بێ بەڵام
با خراپیش بم بە هیوای ڕەحمەتی ڕەحمانتم
نەفسی ئەممارەی خەسیسە دوژمنی دەستە و یەخەم
بۆ جیهادی ئەو سەگە موحتاجی یاری دانتم
خۆ بە دەس شەیتانە کوێرە و خێڵی «ئەلخەنناس»ەوە
خۆت خەبەرداری کە چۆن عەبدێکی دەستە و سانتم
ڕوو ڕەشی و موویی سپیم هێنایە حاجەت بۆ تکا
وام لەژێر سایەی کەرەمتا ڕەحمەتێ! قوربانتم
گەر گرانتر بێ لە شاهۆاعلام بار و سەرباری گونام
خۆ پەناهەندە بە خۆت و سەروەری ئەکوانتم
ڕەببی هەرچەند نالەبار و ڕوو ڕەشی دیوانتم
ئافەریدەی زاتی پاکی ئەقدەسی سوبحانتم
باوەڕم وایە کە حەققن مورسەلین و ئەنبیات
ئوممەتی فەخری ئەنامم، تابعی قورئانتم
ڕووی ئومێدم کردە قاپی بارەگاهی ئەقدەست
دەستی پێویستم بوڵند کرد، چاوەڕێی ئیحسانتم
بۆ تکا هێنامە حاجەت مووی سپی، فرمێسکی شۆڕ
وا بە هیوای عەتف و ڕەحمی حەزرەتی ڕەحمانتم