چەرخی دوون پەروەر هەمیشە یارمەتیی نادان ئاکا
از کتاب:
دیوانی شاهۆ
اثر:
شاهو (1882-1971)
2 دقیقه
2307 مشاهده
چەرخی دوون پەروەر هەمیشە یارمەتیی نادان ئاکا
مەردی دانا دوونە ناو جەرگی لە داخا ژان ئەکا
عەسری نووری پێ ئەڵێن بەم دەورە مەنحووسە کە چی
هەر لە دەوری پیسی چەنگیز و هولاکۆ خان ئەکا
دڵ بە جارێ بوون بە بەرد و ڕەحم و شەفقەت تێپەڕی
شێتە ئەو شەخسەی ئومێدی ڕەئفەت و ویجدان ئەکا
ناوی دین کوژرایەوە، لادینییان هێنایە جێ
هەرچی ئەیبینی خەریکە پەیڕەوی شەیتان ئەکا
دینی ئیسلام بێ موسەمما حوکمی شەرعی نا ڕەواج
ئەهلی دین ئەمڕۆ تەمەننای مردن و ئیمان ئەکا
حەق نەما، مۆدەی بەسەر چوو مروەت و ئینساف و عەدڵ
ئەو کەسە مەقبووڵە زوڵم و ئیفترا و بوختان ئەکا
پیاو سەری سوڕ ماوە، عاقڵ شوێن و ڕێی لێ تێک چووە
وەزعی دونیا وایە، دانا شێت و سەرگەردان ئەکا
خولق و خووی عالەم هەموو شکڵێکی کەی وەرگرتووە
ئەو کەسەی چاکەی لەگەڵ کەی، دوژمنیی ئینسان ئەکا
ئەو زەواتانەی کە خۆیان زۆر بە چاک پیشان ئەدا
غاڵبەن خوویان لە خوویی عەقرەب و سەعبان ئەکا
ئەو کەسەی هێندێ ئەیانوت موشفیقە بۆ قەومی خۆی
ئێستە ئەیبینم کە ماڵی قەومەکەی وێران ئەکا
کەر لەگەڵ ئەسپی کەحێلە دێتە مەیدانی مەساف
بزنەکێوی وا لەگەڵ شێر ئارەزووی زۆران ئەکا
کوندەبوو ئەوسا کە جێگەی قوژبن و وێرانە بوو
سەیری کە! ئێستا لەگەڵ قووش جیلوە و جەولان ئەکا
قەل لە جێی بازا ئەبینم بووتە سەردار و ڕەئیس
گورگی هار ئەمڕۆ لەجێی شوان سەرپەرشتیی ڕان ئەکا
مامە ڕێوی بوو بە دەفتەرداری گۆشت و دووگی چەور
مشکی برسی وا سەپانی ڕزقی سەر خەرمان ئەکا
گۆخڵی چەڵتووک درایە دەس یەکانەی کۆنە ساڵ
هووڵە ئاودێری گوڵاڵە و سونبول و ڕێحان ئەکا
دەورە وایە بایەقوش لافی هومایی لێ ئەدا
گوربە خۆی گۆڕیوە داوای جێگەیی شێران ئەکا
پیاوەتی نایابە شاهۆتخلص! ڕۆژی سوپڵە و هەرزەیە
هەر کەسێ پیاو بێ بەڕاستی خۆی لە خەلق پەنهان ئەکا