کە نووری تەلعەتی یارم لە تووری دڵ بڕا چی بکەم

از کتاب:
دیوانی سابیری
اثر:
صابری (1881-1944)
 1 دقیقه  492 مشاهده
کە نووری تەلعەتی یارم لە تووری دڵ بڕا چی بکەم؟
تەنووری میحنەتی دووری لە سینەم هەڵگڕا چی بکەم؟
ئەوا چوو بۆ سەفەر لەیلا بەجێماوم لەبن کەیلا
دڵەی مەجنوون بە واوەیلا بە دوویا هەڵخڕا چی بکەم؟
هەتاکوو تاقەتم مابوو هەموو غەم نان و هەڵوا بوو
کە خانەی سەبرەکەم سووتا کە پەردەی دڵ دڕا چی بکەم؟
بە ئەمری حەق قەڵەم بۆ ئێمە هەر دەرد و غەمی نووسی
ئەگەر شیوەن نەکەم سەبر و قەرارم لێ بڕا چی بکەم؟
قەڵەم ڕۆژی ئەزەل بۆ ئێمە هەر دەرد و غەمی نووسی
هەموو ڕۆژ گەر نەناڵێنم لە ناو خاک و قوڕا چی بکەم؟
بە زنجیری مەلامەت ناشکێ قووەی جنوونی من
لە دونیادا بە بەدناوی کە من زەنگم زڕا چی بکەم؟
لە باغی عومری خۆم و حوسنی تۆ بێ بەهرە بم تاکەی؟
لە بەر دەرگاهی تۆ هەر دابنیشم لەم قوڕا چی بکەم؟
بە بەرگی تازەوە هەرکەس ئەبینم مەست و مەسروورە
هەمیشە قانع و سابیرتخلص لە توێی بەرگی شڕا چی بکەم؟