دانی نەماوە ئاشی جیهان ئاش بەتاڵ ئەکا

از کتاب:
دیوانی حەمدی
اثر:
حمدی (1876-1936)
 2 دقیقه  1892 مشاهده
دانی نەماوە ئاشی جیهان ئاش بەتاڵ ئەکا
#
یا فاشی ئەم سەرائیرە بۆ ئینفیعال ئەکا
ئەحواڵی ئەم زەمانە لە کایەی مناڵ ئەچێ
دنیایەکی چ پووچە لە زەرفی بەتاڵ ئەچێ
لەم باغە هەر دەمە کە دەگا میوەیی دەڵێی
ئەم کۆنە گومەزە لە دوکانی بەقاڵ ئەچێ
نەقس و کەماڵی خەڵقی جیهان موعتەبەر نییە
هەر دوو موحەققەقە کە بەدەستی زەواڵ ئەچێ
گەهـ ڕۆژە وا دەبێ بە ئەسیری زەڵامی شەو
گەهـ بەدری کامیلە کە بەدەردی هیلال ئەچێ
ئیقبال و شومی تابعی عیلم و جەهل نییە
ڕێکەوتە بازە ئەمڕۆ سبەینێ لە داڵ ئەچێ
ئەیوانی جەم کە هەمدەمی کەیوان بوو موددەتێ
ئەمڕۆ بەپەستی خانەخراپە لە چاڵ ئەچێ
ئەو نەونەمامە سێبەری دوێنێ لە ناز ئەکرد
ئەمڕۆ لە ئاگرایە لە چیلکە و چەواڵ ئەچێ
بێ لێوە ئەم جیهانە تەماشا کە نەیژەنی
بینایی کوێرە ئەفسەحی دایم لە لاڵ ئەچێ
هەر ناڵە وا لە بورجی جەلالا وەکوو هیلال
هەر ماهە وا لە کونجی مەلالا لە ناڵ ئەچێ
بازاڕی دەهرە قیمەتی ئەشیا بە جێگەیە
مێشێ گەیشتە ڕوویی نیگارێ لە خاڵ ئەچێ
دنیا هەناسەیێکە نەچووبێ نەهاتبێ
حاڵێکە بوو بەچی کە لە عالەم بە حاڵ ئەچێ
بەو عومرەوە کە بوویەتی نووحی وتوویەتی
دنیا لە ڕیحلەتا لە خەوی بێ خەیاڵ ئەچێ
بڵقی سەر ئاوە کاکە جیهان تێ بفکرە تۆ
بۆ کەس نەبوو بە ماڵ و نە بۆ کەس لە ماڵ ئەچێ
خۆ لابدەن لە باری گرانی حقووقی خەڵق
بنواڕە هەڵگری کە لە فیلەی حەماڵ ئەچێ
نەگبەتییە ئەو کەسە کە عیززەتی نەفسی عرووج ئەکا
شامی مەلالی بۆیە لە ڕۆژی جەلال ئەچێ
بۆ نەفعە خواشناسی عیبادەت ڕیایییە
تەقوایی ئەم زەمانە بە نرخی وەباڵ ئەچێ
بانگێکی تر لە غەیبەوە ئێستا کە هاتە گوێم
هێندە زوڵاڵە دەنگی لە دەنگی بیلال ئەچێ
زووتر لە بێ نەوا بە مەنافیع دەگا غەنی
ئەم تا بە پێ تەنەززول ئەکا ئەو بە باڵ ئەچێ
ئەلحەشر و وەلقیامە جیهان ئاخرە دەڵێ
لوقمەی حەرامی ئیمڕۆ بە نرخی حەڵاڵ ئەچێ