گوڵی بابردوو
از کتاب:
وەنەوشە
اثر:
محمدصدیق محمودی (1937-1990)
1 دقیقه
1134 مشاهده
لە کۆشی ئاسمانا
لە ئاسمانی ژیانا
پەروینی بەختیاریم
شەمی شەوی هەژاریم
قیبلەیی بیر و هۆشم
سروەی دڵی پەرۆشم
وەکوو گەلاوێژی جوان
بووکی ڕازاوەی ئاسمان
پڕشنگی شەنگی هاویشت
پەپوولەی ئارەزوو نیشت
لە تاسەی کاسە پڕ بوو
لەشی پەژارە سڕ بوو
گڕی هیوام بە گرپە
دڵی خستمە خورپە
خورپەی شادمانی
ئاواتی کامەرانی
گژەبای بەڵا، بەڵام
ئەوەن مۆڵەتی نەدام
هات و گوڵی ڕفانم
تاسەی دڵی تاسانم
شانۆی ژیانی ڕەش کرد
هەستمی سەربەهەش کرد
فرمێسکی گەش بە دزی
بە سەر گۆنەما خزی
برووسکەیێکی نواند
ئەندامی لەشمی سوتاند
هەر کەوتە خوارێ نەسرەوت
وەشوێن گوڵی دڵم کەوت
دڵی شادی تیا مردووم
گوڵی جوانی بابردووم