گوڵی بابردوو
لە کتێبی:
وەنەوشە
بەرهەمی:
محەمەدسەدیق مەحموودی (1937-1990)
1 خولەک
1002 بینین
لەکۆشی ئاسمانا
لەئاسمانی ژیانا
پەروینی بەختیاریم
شەمی شەوی هەژاریم
قیبلەیی بیر و هۆشم
سروەی دڵی پەرۆشم
وەکوو گەلاوێژی جوان
بووکی ڕازاوەی ئاسمان
پڕشنگی شەنگی هاویشت
پەپوولەی ئارەزوو نیشت
لە تاسەی کاسە پڕ بوو
لەشی پەژارە سڕبوو
گڕی هیوام بەگرپە
دڵی خستمە خورپە
خورپەی شادمانی
ئاواتی کامەرانی
گژەبای بەڵا، بەڵام
ئەوەن مۆڵەتی نەدام
هات و گوڵی ڕفانم
تاسەی دڵی تاسانم
شانۆی ژیانی ڕەش کرد
هەستمی سەربەهەش کرد
فرمێسکی گەش بە دزی
بە سەر گۆنەما خزی
برووسکەیێکی نواند
ئەندامی لەشمی سوتاند
هەرکەوتە خوارێ نەسرەوت
وەشوێن گوڵی دڵم کەوت
دڵی شادی تیا مردووم
گوڵی جوانی بابردووم