ڕێڕەوی ژیان

لە کتێبی:
وەنەوشە
بەرهەمی:
محەمەدسەدیق مەحموودی (1937-1990)
 2 خولەک  1043 بینین
ئەبێ بنیادەمی ژیر
بنیادەمی خاوەن بیر
ئافرەت و پیاو، لاو و پیر
گوێ شل نەکا بۆ تەقدیر
بە بێ مەترسی و ئەندێش
ئەبێ بڕوا بەرەو پێش
***
ئینسان چونکە ئینسانە
ئەرکی شانی گرانە
ڕێی ژینی پڕ لە ژانە
ئەبێ بڕوا مەردانە...
ببڕێ ڕێگەی ئامانجی
تادەسکەوێ قازانجی
***
خوو مەگرە قەت بە پەستی
لە تێکۆشین نەوەستی
مەردە ئەوەی کە بەستی
بە سەرکەوتەوە هەستی
سەرکەوت بۆ نیشتمانی
بۆ کۆمەڵی ئینسانی
***
مەخزە قەراغ و گۆشە
ئەم فکرە ژێری بۆشە
وتەی بە مێشک وهۆشە:
مردن بۆ ژیان خۆشە
ژینی بە پەستی، گیانە
مەرگە، نێوی ژیانە
***
بە تین کە بیر و بڕوات
لابەرە کۆسپی ژێر پات
بڕازێنەوە ئەو کات
نۆبووکی جوانی ئاوات
ئاواتی ڕەستگاری
لە دیلی وهەژاری
***
بۆ وەی بگەیتە مەنزڵ
بێیە دەردی لە نێو کڵ
گومان و دوودڵی دڵ
بنێژە، بیخە ژێر گڵ
گومان و ترس و لەرزین
کۆسپی ڕێی کۆشکی بەرزین
***
گەل چیە؟ دەستی خوایە
دەس بدە گەل کە وایە
ئەوکاتە هەر بەڵایە
پێت وایە کێوە، کایە
ئەو وەختە بەختیاری
لە کۆمەڵا دیاری!!
***
لەژینیا پیرۆزە
ئەو کۆمەڵە و ئەو هۆزە...
کە ئەندامی دڵسۆزە
پاکی یەک دەنگ و سۆزە
ئاسمان یەک ڕەنگ و تەرزە
بۆیە هەمیشە بەرزە
***
ئەو کەسە ڕەنجەڕۆیە
کە هەر بە فکری خۆیە
چارەڕەش و تڕۆیە
دژی گەل و گورۆیە
سەرشۆڕە هەر لە ئاستی
ویژدانی خۆی بە ڕاستی