ئاسمانی دوون هەمیشە دوون پەرستی کاریە

از کتاب:
دیوانی کەمالی
اثر:
کمالی (1886-1974)
 1 دقیقه  561 مشاهده
ئاسمانی دوون هەمیشە دوون پەرستی کاریە
سەرسەری و ئەحمەق نەوازی شێوەیی ڕەفتاریە
هەرکەسێ نادانە غەرقی خێر و خۆشی و نیعمەتە
پیاوی دانا جۆگەلەی خوێن وا لە چاوی جارییە
دەهری دوون ئیشی هەموو عەکسە میسالی دێو و دەد
یاری ئەغیارە و ئەوەی ئەغیارە دائیم یارییە
وا کە دائیم مەست و بیمارم ئەبینی هەقمە من
سەرخۆشیم بە خوا لە شەوقی چاوەکەی بیماریە
هەروەکوو فێدار کە سەرسام و پەشێوم هەقمە من
شێت و سەرسامیم لە ترسی زوڵفی وەک ڕەشماریە
تو خوا مەنعم مەکە واعیز لە عەشقی دلبەران
زەحمەتە چارەی بەڕاستی عیللەتێکی سارییە