گیانەکەم بۆچ وا لەگەڵما هەر بە قار و قینی تۆ

از کتاب:
دیوانی کەمالی
اثر:
کمالی (1886-1974)
 1 دقیقه  1467 مشاهده
گیانەکەم بۆچ وا لەگەڵما هەر بە قار و قینی تۆ
بۆچ وەها تینوو بە خوێنی عاشقی مسکینی تۆ
من کە دیلی زوڵفی تۆم بۆ چی بە شمشێری برۆت
ئەمکوژی بە خوا گەلێ بێ مروەت و بێ دینی تۆ
بێ سەبەب دائیم لەگەڵما ترش و تاڵە ڕووت کەچی
هێندە تالعداری لای من وەک شەکر شیرینی تۆ
پێم بڵێ ئەی زوڵفی دلبەر بۆ بەقەسدی کوشتنم
دائیمە مایل بە پێچ و تا و حەڵقە و چینی تۆ
چوویتە ناو باخ ئەمڕۆ بێچارە وەنەوشە بوو خەجڵ
گەردنی کەچ کرد بەرامبەر وردە خاڵی شینی تۆ
مونفەعیل بوون و خەجڵ پەروین و مانگی یەک شەوە
هەر کە دەرکەوت تاقی ئەبرۆ و پڵپڵەی زیوینی تۆ
ئەی فەلەک ئەی دوژمنی ئینسانی خاوەن عەقڵ و فام
بۆ چی هەر حامیی کەر و گا و پیاوی بێ تەمکینی تۆ!