بەزمی دنیا سەیری هێندێ کونجی مەیخانەی ئەوێ
از کتاب:
دیوانی کەمالی
اثر:
کمالی (1886-1974)
1 دقیقه
519 مشاهده
بەزمی دنیا سەیری هێندێ کونجی مەیخانەی ئەوێ
ساقی و جامی شەرابی ناب و پەیمانەی ئەوێ
وشکە سۆفیش بۆ حیسابی بەینی خوا و خۆی دائیمە
وا لە مزگەوتایە هەر تەزبیحی سەددانەی ئەوێ
هێندێ دەورێشە بەهای و هووی لە تەکیە و خانەقا
لوولک و تەپڵ و دەف و پرچ و خەنە و شانەی ئەوێ
هێندێ وەک مەجنوون لە پای هەردەی دوجەیلا شێت و وێڵ
هاودەمی وەحشی و ڕەفیقی شیت و دێوانەی ئەوێ
هێندێ خاوەندی دووسەد دێ و قەیسەری و باخە کەچی
هەر دڵی پڕ داخە تەخت و تاجی شاهانەی ئەوێ
هێندێ نانێک و قومێ دۆی بێ، ئەکا شوکری خودا
قانیعە و ڕازی، ژیانێکی هەژارانەی ئەوێ
عەینی هەر وەک سینەمایە بەزمی دنیا چاوەکەم
سەرسەری سەیری نەکەی بیری حەکیمانەی ئەوێ
کەم کەسێ پەیدا ئەبێ مەقسوودی خوایی و هیچی تر
سەیری هەرکەس من ئەکەم هەر دەرهەم و عانەی ئەوێ