وەکوو زوڵفی بتان شێواوە حاڵی دەرهەمی دنیا

دنیا
از کتاب:
دیوانی کەمالی
اثر:
کمالی (1886-1974)
 1 دقیقه  537 مشاهده
وەکوو زوڵفی بتان شێواوە حاڵی دەرهەمی دنیا
هەموو کاتێکی مەحکوومی نەمانە عالەمی دنیا
دەوامی هیچ نییە هەر ڕۆژە جۆرێکە ئەگۆڕێ زوو
لە لای زانا وەکوو یەک وایە شادی و ماتەمی دنیا
ئەوەی دانایە وەک یەک وایە لای ئیقباڵ و ئیدباری
قەراری هیچ لە سەر بارێ نییە زۆر و کەمی دنیا
ئەگەر شەکرت بداتێ ژەهری تێدایە نەکەی بیخۆی!
دەخیلم خۆت بپارێزە لە شەهدی پڕ سەمی دنیا
کەمن ڕەند و قەلەندەرمەشرەبم فەرقی نییە هەرگیز
لە لام هەر وەک یەکە کاسەی کەل و جامی جەمی دنیا
ئەگەر ئەهلی دڵی تۆ گوێ لە ناڵەی سازی دڵ بگرە
کەمالیتخلص گوێ مەدە ئاوازەیی زیل و بەمی دنیا