گیانە دوێنێ شەو لە نیوەی شەودا

از کتاب:
دیوانی کەمالی
اثر:
کمالی (1886-1974)
 1 دقیقه  724 مشاهده
گیانە دوێنێ شەو لە نیوەی شەودا
خەوتبووم کە دیم لە شیرین خەودا
قاسیدێ هات و نەم زانی کێ بوو
موژدەی دا کە دیم نامەی تۆی پێ بوو
نامەتم وەرگرت نامە سەر چاوم
زۆر خۆشی بەخشی بە دڵەی سووتاوم
فەرمووتە ئاخۆ چلۆنە حاڵت
بەبێ من توخوا چۆنە ئەحواڵت
بە شەو چی ئەکەی چۆن ڕائەبوێری
لە دووریم چاوت ماوە یا کوێری؟
ئازیز ناوێرم حاڵم بەیان کەم
وا چاکە دەردم لە تۆ پەنهان کەم
با هەر نەزانی ئەحواڵی زارم..
لە دووریی باڵات هێند بێ قەرارم
لە سەد یەکێکی گەر بۆت بەیان کەم
باسی دەردی دڵ شەرمی هیجران کەم
ژەنگاوی ئەبێ ئاوێنەی دڵت
زەرد ئەبێ ڕوخسار وەک پەڕەی گوڵت
وا چاکە گیانە حاڵم نەزانی
با حەرام نەبێ لێت زیندەگانی
هەر خۆم بزانم دەردی دڵی خۆم
تو خوا با بۆ خۆم هەر خۆم خەم بخۆم
ئەوەندە ئەڵێم: لاشە بە بێ گیان
چۆنە بە بێ تۆ منیش وام قوربان