بە نیشتەر هەڵدڕی دڵ گەر هەمیشە یادی تۆ ناکا
از کتاب:
دیوانی کەمالی
اثر:
کمالی (1886-1974)
1 دقیقه
601 مشاهده
بە نیشتەر هەڵدڕی دڵ گەر هەمیشە یادی تۆ ناکا
وەکوو تووتی بەرامبەر ئاوێنەی ڕووت گفتوگۆ ناکا
بە ساردی مەیلی دولبەر یەک کەڕەت سووتا ڕەگ و ڕیشەی
نەمامی ئارەزووی عاشق هەتا مردن چرۆ ناکا
ئەوەندە نەگبەتم گەر بێ و بگاتە دامەنی دەستم
وەکوو فێ دار ئەبێ ئیفلیج و لەرزەی دێتێ گۆ ناکا
ئەوەی نەشئەی لە بۆنی زولفی تۆ وەرگرتبێ گیانە
ئیتر شەوبۆ و وەنەوشە و سونبول و ڕێحانە بۆ ناکا
بە ڕاستی واریعە زاهید هەتا حەز کەی تەماشا کە
بەڵام وەختێ کە بێتە باسی پارە پف لە دۆ ناکا
ئەوەندە شێتە سۆفی ڕوو ئەکاتە تاقی خشت و گڵ
کەچی وەک من کەمالیتخلص ڕوو لە میحرابی برۆ ناکا