کەسێ کەس بێ لە دونیادا کەساسی دەستی دەورانە

لە مەیدانی مجادەلەیەکدا
از کتاب:
دیوانی دڵدار
اثر:
دلدار (1918-1948)
 2 دقیقه  1045 مشاهده
کەسێ کەس بێ لە دونیادا کەساسی دەستی دەورانە
لە ژینا ناکەسی بەدکار لە جاهی عیززەت و شانە
گوناهی کەس ئەبێ چی بێ، بەغەیرەز کەسبی سەربەرزی
بەقەد خەندەی کەسی ناکەس ئەوەندەش ئەو لە گریانە
برا نابێ تەعەججوب کەی لە وەزعی ناکەس و دووڕوو
کە وا ئەفلاک و گەردوونیش وەکوو ڕووی ئەو لە گۆڕانە
تەبیعەت قاعیدەی وایە لەگەڵ گۆڕاو برادۆستە
ئەوی سابیت بێ ساکین بێ لە بەهرەی ژینی حیرمانە
ژیان خەونێکە ئەیبینین، بە تیژی دێت و ئەڕواتن
لە پەنهانی نیهاندا ئەوی دانا بێ نادانە
لە هیچدا بەدی هاتی، بەرەو هیچیش ئەڕۆی غافڵ
لە بەینی هەر دوو هیچدا خەراباتی بژی گیانە
عیبادەت چی بوو نەتزانی بەغەیرەز نێرە بیدۆشە
سەری خۆت بۆ دەئێشێنی، سەفا نسیانە، نسیانە
بە مەستی خۆت لە پەستی عەقڵ و ئەندیشە تەوەللا کە
ئەوی ڕۆییوە، ڕۆییوە، ئەوی نەبووە لە پەنهانە
ئەرێ ئەی یاری تەنهاییم، نەدیمی هەمدەمی پەستی
لەگەڵ تۆم ساقی هەموار و خەلیفەی پیری مەیخانە
دەسا کوا جامەکەی دوێنێت کە قووتی گیانی تێدا بوو
دە خێرا تێ کە بۆم چونکە لە پەستی مەستی دەرمانە
دەسا مەی جامەکەی جامی سەری کەی بێ فەلاتوون بێ
بنۆشە باوەڕیت وا بێ کە لەم کاروانە کار وانە