فەسڵی دوانزەهەم

از کتاب:
تەئریخی جاف
اثر:
کریم بیگ جاف (1885-1949)
 5 دقیقه  1033 مشاهده

بەحسی ئادابی جاف بۆ بەگزادە و ڕەئیسیان و ئەمانە بە چەند تەکلیف موکەللەف بوون کە بیدەن بە ڕەئیسی خۆیان:

تەکلیفی ئەووەڵ «خەرج» بووە. ئەم خەرجە عیبارەت بووە لەمە کوللی ماڵێ لە عەشیرەتی جاف -دانیشتوو و گەڕیاو- موکەللەف بووە لە بیست قرانەوە تا هەزار قران، لە بیست قران کەمتر و لە هەزار قەران زیاتر نەبووە. ئەمە لە دەفتەرێکی ئەساسیی ڕەئیسانی جافدا قەید بووە و ئەمەیان داوە بە ڕەئیسی جاف. ئەم خەرجە بە سوورەتی قەتعی نەفەوتاوە. ئەگەر ماڵێکی جافی مورادی چووبێتە خاکی ئێران، چە لە قەسری شیرین و چە زەهاو و چە هۆرێن و شێخان، مەئموور چووە لێی سەندووە و لە هەر جێگەیەک لە لیوای سلێمانی و لیوای کەرکووک ناو هەر عەشیرەتێ چووبن لێیان سەندوون. ئەگەر ساحێب ماڵێ بمردایە بە ئیرسی ئەو خەرجە ئەهاتە سەر کوڕی بۆ گم نەبوونی ماڵی جاف و تەحسیل کردنی ئەم خەرجە چە بۆ گەڕیاو وە چە بۆ دانیشتوو، نزیکی سی کەس مەعلووم کرابوو پێیان ئەوت «سووریاش». ئەمانە خۆیان و باوک و باپیریان وەزیفەیان بوو ماڵیان لەناو جافدا بوو، لە وەقتی پایز کە خەرج ئەسێنرا حازر ئەبوون و لەتەک کوڕە بەگزادەی جاف و سوارەی پشتماڵەدا تاقم تاقم ئەچوون بۆ خەرج سەندن.

لە فیرقەکانی جاف نزیکی هەشت، نۆ کەس نەبێ کە محەمەد پاشا لە خەرج عەفووی کردبوو، ئەوانیش موکەللەف بوون بەو خەرجە بیدەن، سوارەی خوسووسی عەمەڵە و پشتماڵە و سەدانی و بەداخی، ئەمانە خاریج بوون لە خەرج. جاف مەگەر ڕەئیسی فیرقەی سەداقەت وە خزمەتێکی زۆر چە لە قەدیم کرابێ یا تازە، ئەو ڕەئیسی فیرقە کردبێتی بە ڕەئیسی عوموومی ئەو ڕەئیسی فیرقە لە خەرج عەفو کراوە. ئەم خەرجە بۆ ڕەئیس و بەگزادە، لە گەڕیاو و دانیشتوو، عوموومی ساڵی دوانزە هەزار لیرەی عوسمانی زیاتر بوو.

تەکلیفی دووەم ئەمە بووە پێیان وتووە «سوورانە». ئەمە ڕەئیسی عومووم نەیسەندووە، حەواڵەی سوارەی پشتماڵە بووە، هەرکەس لە گەڕیاو و دانیشتوو، ژنێکی لەناو خۆیدا یا بە غەیری جاف بە شوو درابێ، ئەگەر دەوڵەمەند بوایە ماینێ یا هێسرێ یا تفەنگێ، لە تفەنگی ئەو وەقتە و ئەگەر وەسەت بووایە گایەکی چاک و ئەگەر فەقیر بوایە بیست قرانی داوە. وە ئەگەر پیاوێ لە جاف ژنێکی غەیری جاف بخواستایە سوورانەیان لێ نەئەسەندن.

تەکلیفی سێیەم ئەمە بووە ئەگەر پیاوێکی جاف بکوژرایە لەناو خۆیدا هەزار قران، کە خوێنی جارییەی عەشایرە، سێسەد قران لەو پارەیە عایدی ڕەئیس بووە. ئەم خوێنە خوێنی پیاوی وەسەتی جاف بووە. ئەگەر ڕەئیسی فیرقەیێ خۆی یا کوڕی یا برای بکوژرایە تا سەد لیرە و ماین و تفەنگیش لەگەڵ ژنێکا کە بۆ واریسی کوژراو مارە بکرێ.. لە تەرەفی قاتیلەوە دراوە. ئەمما بە ئەغڵەب لە بەینا لەسەر ئەو خوێنە شەڕ واقیع بووە. ڕەئیس بە تەلاشێکی زۆر موسالەحەی پێ کردوون.

تەکلیفی چوارەم: پێنج یەکی حوقووق بووە، یەعنی ئەگەر کەسێ لە جاف شکاتی بکردایە لە یەکێکی تر بۆ سەد قران یا هەزار قران، تا هەرچەند سوارەی خوسووسیی ڕەئیس ئەڕۆیی، ئەو پارەیەی لە داوالێکراو ئەسەند بۆ داواکەر، پێنج یەکی ئەو پارەیە حەقی سوارە بووە، مەوافیقی شەرع تەحسیل کراوە. ئەم هەموو سوارەی خوسووسییە دایمەن خاڵیی نەبووە، هیچ وەقتێ نەبووە دووسەد کەس شکاتکەر نەبێ، دایمەن لە هاتووچۆدا بوون و کوللی ساڵێ حەوت هەزار لباد لە جاف سەنراوە، وە هەشت هەزار حۆقەی سلێمانیی ڕۆن دراوە بە ڕەئیسی عومووم و ئەو بەگزادانەی کە ساحێب ئێل بوون. تەکلیفی ڕۆنانە و لبادانە تا تەئریخی هەزار و دووسەد و نەوەد و پێنجی هیجری دەوامی کردووە.

وە ڕەسمی جەزاش بۆ ڕەئیس بووە. حەتتا خۆم لە فکرم دێ، وە گەورە بووم، عەشیرەتی تەرخانی لەتەک ڕۆغزادیدا شەڕیان بوو، چوار، پێنج کەس لە بەینا کوژرا بوو، بێ خەبەری مەحموود پاشا موسالەحەیان کرد. مەحموود پاشا لەمە عاجز بوو. ترخانیی جەریمە کرد، سێسەد گاجووت و پەنجا ماین و پەنجا تفەنگی جەزا لێ سەندن لە تەئریخی هەزار و دووسەد و پێنجی هیجریدا، وەکوو نووسراوە، بەگزادەکان چونکە بە عومووم بوون بە ساحێبی موڵک و تاپۆیەکی زۆر، ڕەسمی ڕۆنانە و لبادیان لەسەر عەشرەتەکە لابرد. ئەمما خەرج و سوورانە و جەزا و پێنج یەکی حوقووق تا تەئریخی هەزار و سێسەد و بیست و شەشی هیجری دەوامی کرد.

لە دوای ئینقیلابی عوسمانی خەرج نەما، جاف موکەللەف بوون بە ئەغنامی نەقدی و ڕەسمی پێنج یەکی حوقووقی شەخسی لە زەمانی ڕیاسەتی منیشدا بۆ سوارە مابوو.

ئادابی جاف بۆ گەورەی خۆی لە گەلێ عەشیرەت چاکترە. ئەدەبیان دەرحەق بە گەورە زۆرە، لە عوموومی جاف بیست و پێنج کەس حەقی دانیشتنی مەجلیسی ڕەئیس و بەعزێ لە بەگزادەی هەیە و عەشیرەتی تر بۆ گەورەیان وا نین. عوموومیان وەکوو یەک فەرقیان نییە.

ڕەئیسی ئاخریان کە خۆم بووم و لە تەئریخی هەزار و نۆسەد و نۆزدەی میلادیدا بە ئەمر و تەشکیلاتی حوکوومەتی ئینگلیس بووم بە ڕەئیسی عوموومی جاف وە ئەو تەشکیلاتە تا هەزار و نۆسەد و بیست و پێنجی میلادی دەوامی کرد و ئیدارەم کردن و لەو تەئریخەوە تەشکیلاتەکە نەما. ئومێد ئەکەم کە دواکەوتووانم تەرزی ئیدارەم داخڵی سەحیفەی ئەم تەئریخە بکەن و ئومێدەکەم لە حەق لا نەدەن، چونکە زەمانی من زەمانی محەمەد پاشا و مەحموود پاشا نەبوو.